دوو به‌رپرسی باڵای‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌به‌په‌ ده‌ستبه‌سه‌ركران

دوو به‌رپرسی باڵای‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌به‌په‌ ده‌ستبه‌سه‌ركران
هه‌ریه‌كه‌ له‌ئایسه‌ل توغلوك جێگری هاوسه‌رۆكی گشتی هه‌ده‌په‌و سه‌یدی فرات جێگری هاوسه‌رۆكی ده‌به‌په‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ توركیاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركران.

به‌پێی ئاژانسی ئانادۆڵی توركی، ئایسه‌ل توغلوك به‌یانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌.

دوای ئه‌نجامدانی پشكنینی ته‌ندروستی گواسترایه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش و له‌وێ توغلوك نێردراوه‌ته‌ شاری ئامه‌د.

هه‌ر ئه‌مڕۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوچه‌ی كایا پنار له‌ شاری ئامه‌د هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵی سه‌یدی فرات جیگَری هاوسه‌رۆكی ده‌به‌په‌و ده‌ستبه‌سه‌ریان كرد، به‌پێی ئاژانسی دیجله‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منیبه‌كانی توركیا ئه‌دیب یاشار ئه‌ندامی پێشوی دیوانی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگای‌ دیموكراسیان ده‌ستبه‌سه‌ركرد.

توركیا ماوەیەكە هەڵمەتێكی‌ بەرفراوانی‌ دەستگیركردن و دورخستنەوەی‌ سەرۆك شارەوانییەكانی‌ سەر بە بەدەپەو هاوسەرۆك‌و پەرلەمانتارانی‌ هەدەپەی‌ دەستپێكردووە، كە ناڕەزایی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆی توركیاو وڵاتانی دەرەوە لێكەوتووەتەوە.

بەپێی ئامارەكانی‌ هەدەپە، لەماوەی‌ نزیكەی‌ 17 مانگی‌ رابردوودا لە توركیا، هەشت هەزار و 432 ئەندامی‌ هەدەپە و دەبەپە دەستبەسەر و دەستگیركراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 360 كەسیان، هاوسەرۆكانی گشتی هەدەپەو پەرلەمانتاران‌و هاوسەرۆكی شارو ناوچەو شارۆچكەكانن.
xendan -
Top