هێزی شەبەک: فەرمان لە بارزانی وەردەگرین و بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین
سالم شەبەک، نوێنەری شەبەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “هێزی شەبەک کە بەشێکە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چالاکانە بەشداریی شەڕی دژە داعشیان کردووە و ئێستاش لەو شوێنانە جێگیر دەکرێن کە فەرمانیان پێ کراوە، بە تایبەت ناوچە شەبەک نشینەکان، چونکە نامانەوێت جارێکی دیکە لە ژێر سێبەری بەغداوە دووبارە ماڵمان وێران بکرێتەوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “هێزی شەبەک سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و فەرمان لە بارزانی وەردەگرێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت پێشمەرگە پارێزگاریمان لێ بکات و گەرەنتیمان هەبێت کە جارێکی دیکە تووشی هێرش نەبینەوە، چونکە ئەوەی بەسەرمان هاتووە، لە ئەنجامی ئەو حوکمەبوو کە دۆخی ئەو ناوچانەی بە ئێستا گەیاندووە".
سالم شەبەک لە لێدوانەکەیدا جەختیشی لەوە کردەوە: “چاوەڕوانین کە هێزی پێشمەرگە لەو سنوورانە بمێننەوە و پارێزگاری لە ناوچە کوردنشینەکان بکەن، ڕێگاش نادەین هێزێکی دیکە بەسەرماندا فەرز بکرێت کە وەک بێگانە سەیرمان بکات".
باسنیوز
