حکوومەتی عێراق داوا لە پێشمەرگە دەکات بە هانای سوپای عێراقەوە بێت
ئەمڕۆ دووشەممە 26\12\2016، شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “لەگەڵ لێژنەی ئەمن و ئاسایش لە ئەنجومەی نوێنەرانی عێراق لەسەر هێڵین کە بزانین دوا گۆڕانکارییەکان چین؟ بەتایبەت لەسەر پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ، چونە هەندێک بابەت هەیە بۆ ڕاگەیاندن باس ناکرێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر کۆبوونەتەوە، بە دووری نەزانی کە لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی ئازادکردنەوەی مووسڵ تاوتوێ بکەن.
شاخەوان عەبدوڵا لە لێدوانەکەیدا ئاشکرای کرد: “ئەگەر قۆناغەکانی ئازادکردنەوەی مووسڵ وەک ئێستا بروات، چاوەڕوات دەکرێت داوای هاوکاری لە هێزی پێشمەرگە بکرێت بۆ چوونە ناو مووسڵ، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم کە پێشمەرگە بە ئاسانی ڕازی بێت".
بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێزە عێراقییانەی ئێستا لەنێو مووسڵدا شەڕ دەکەن، ڕووبەڕووی بەرگرییەکی سەختی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بوونەتەوە و ئەگەر هەیە عەبادی داوا لە هێزەکانی (سەرایا سەلام)ی سەر بە ڕەوتی سەدر لەنێو حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتیی شاری مووسڵ، بچنە نێو شارەکەوە.
باسنيوز
