حکوومەتی عێراق ئاگاداری هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستانە

 حکوومەتی عێراق ئاگاداری هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستانە
پەرلەمانتارێکی عێراق رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتی عێراق ئاگاداری هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستانی باشوورە.



ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە سەربەخۆبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بڕیارێکی ”یەکلابووەوەیە“ و بڕاوەتەوە.



ماجید شنگالی هەروەها رایگەیاندووە، کە گفتوگۆ لە نێوان بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی سەربەخۆبوونی کوردستانی باشوور کراوە و ”بەغدا ئاگاداری هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستانە“.



زۆربەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، کە پێویستە بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراقی بکرێ.



دوای شکستهێنان بە داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە ناوجە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین و کۆنتڕۆلکردنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان رایگەیاند، کە ئەو شوێنانە دوا خاڵی سنووریی کوردستانە و پێشمەرگە لێیان ناکشێتەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.










باسنيوز
Top