کادیرێکی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی: دەتەوێت لەسەر گیرفانی خەڵک عەیبەکانی ئیدارەکەت بشاریتەوە

 کادیرێکی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی: دەتەوێت لەسەر گیرفانی خەڵک عەیبەکانی ئیدارەکەت بشاریتەوە
کادیرێکی پێشکەوتووی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕەخنە لە پارێزگاری سلێمانی دەگرێت کە لەسەر پشکی بزووتنەوەکە لە پۆستەکەی دایە و ڕای دەگەیەنێت، پارێزگار (کە ئەو بە موتەسەریف وەسفی کردووە)، ناتوانێت کارەبای زیادەڕۆی باخ و ڤێلای ماڵی بەرپرسان ببڕێت.



ڕێبوار حەمە، کادیری پێشکەوتووی گۆڕان کە سەرنووسەری پێشووی کەناڵی (KNN)ی ئەو بزووتنەوەیە بووە، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕەخنەی لە سەردار قادر، لەبری پارێزگاری سلێمانی گرتووە و ڕای گەیاندووە: ”موتەسەریفی سلێمانی لەسەر گیرفانی هاووڵاتییان، لامەرکەزیەت جێبەجێ دەکات“.



ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”دوای دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان و وەرگرتنی 400 هەزار دینار لە هەر ماڵێک لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە، پێوەری کارەبای 20 ئەمپێریش دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە هەر بەشدابوویەکی کارەبا 19 هەزار دیناری لێ وەربگیرێت“.



ئەو کادیرە پێشکەوتووەی گۆڕان ئاماژەشی بەوە کردووە: ”جەنابی موتەسەریف جورئەتی ئەوەی نییە بچێتە هەولێر و داوای سووتەمەنی بۆ وێستگەی بازیان بکات و ناوێرێت کارەبای تەجاوزاتی باخ و ڤێلای ماڵی بەرپرسەکان ببڕێت، دەیەوێت لەسەر گیرفانی خەڵک، عەیب و عارەکانی ئیدارەکەی بشارێتەوە“.



بە گوتەی ڕێبوار حەمە، لە سلێمانی زیاتر لە 540 هەزار بەشداربووی کارەبا هەیە و ئەگەر هەر بەشدابوویەک 119 هەزار دیناری لێ وەربگیرێت، ئەوا 10 ملیار و 640 ملیۆن دینار لە ”ناوچاوانی داهێنانەکانی موتەسەریف“ دەچێتە گیرفانی کۆمپانیاکان. ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ”بۆ پێوەری ئاو، 21 ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ کۆمپانیاکان لە خەڵکی سلێمانی وەرگیراوە، واتە بۆ دانانی دوو پێوەر، زیاتر لە 32 ملیار دینار لە خەڵکی سلێمانی وەردەگیرێت“.



لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: ”ئافەرین موتەسەریف بۆ خۆت و پڕۆژەی ڕووتانەوەی خەڵک“.



ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی ڕایانگەیاندووە، بە مەبەستی دابەشکردنی کارەبا بەسەر تەواوی هاوبەشەکانیان، جۆزەی 20 ئەمپێری بۆ ماڵان دادەندرێت، لە جێگەی جۆزەی 40 ئەمپێری.









باسنیوز
Top