كریستیانه‌كان، كوردستان بە ماڵی خۆیان دەزانن و، ده‌یانه‌وێ له‌ ڕووی ئیداریشه‌وه‌ سه‌ر به‌ هەرێم بن

كریستیانه‌كان، كوردستان بە ماڵی خۆیان دەزانن و، ده‌یانه‌وێ له‌ ڕووی ئیداریشه‌وه‌ سه‌ر به‌ هەرێم بن
كریستیانەكان سوپاسی سەرۆكی هەرێم دەكەن، كە بەردەوام پشتگیریی لە پێكهاتەكان دەكات و ده‌رگای هه‌رێمی بە رووی ئاوارەكاندا كردووەتەوە، ئه‌وان ده‌ڵێن، ''(بارزانی) لە پەیامەكەیدا دڵنیای كردینه‌وه‌ كە كوردستان هەمیشە وەك پەناگا و پاڵپشتی كریستیانەكان و بەهاكانی پێكەوەژیان دەمێنێتەوە، بۆیە لەو رۆژەدا داوا دەكەین ناوچەكانی ئێمە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.''



(سەرگیس هورمز) بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ''ئێمە كە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووینە، راستە وا زیاتر لە دوو ساڵە لە ماڵوحاڵی خۆمان دوورین، بەڵام هەرێمی كوردستان بە ماڵی خۆمان دەزانین و هیچ كاتێك هەستمان بە ئاوارەیی نەكردووە.. ئەمڕۆیش كە جەژنی مەسیحییەكانە، خۆشترین رۆژمان لە هەرێمی كوردستان بەسەر برد، جەژنێكی خۆش بوو و سەردانی خزم و كەسان و ئەوانەی وەك ئێمە ئاوارە بوونە، كردوومانە.''



گوتیشی، ''ڕاستە ناوچەكانی ئێمە لە داعش ڕزگار بوونە، بەڵام داعش زیانێكی زۆری بەو ناوچانە گەیاندووە، بۆیە داوا لە حكوومەتی عێراق و زلێهێزانی جیهان دەكەین لەگەڵ هەرێم هاوكار بن، بۆ ئەوەی ناوچەكانی ئێمە بە زووترین كات ئاوەدان بكرێنەوە.''



(یاقو حەننا) هاووڵاتییەكی مەسیحییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''بەردەوام دەرگای كوردستان بە ڕووی ئاوارەكان و خەڵكی دیكەدا كراوەیە، ئەوەیش شتێكی زۆر باشە، ئەگەر ئەو دەرگایە نەبووایە ئێمە روومان لە كام شوێن دەكرد، بۆیە لێرەدا زۆر سوپاسی سەرۆكی هەرێم دەكەین، كە بەردەوام پشتگیری لە پێكهاتەكان دەكات و هەتا لە پەیامەكەی خۆیدا ئەوەی دووپات كردووەتەوە.''



ئه‌و هاووڵاتییه‌ مه‌سیحییه‌ گوتیشی، ''لەم رۆژەدا داوا دەكەین، هەموو لایەنە سیاسییەكان بە دەنگ پەیامی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بێن و هەموو لایەنەكان پێكەوە كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی كێشەكانی هەرێم چارە بكرێن و، بەو رۆژە بگەین كە بە درێژاییی مێژوو گەلی كورد و پێكهاتەكان خەباتی بۆ دەكەن و قوربانی بۆ دەدەن، ئەویش سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانە، چونكە دەزانین هەرێمی كوردستان كاتێك بووە دەوڵەت زیاتر مافی پێكهاتەكان پارێزراو دەبێت.''



(هورمز جامی) كریستیانێكی دیكه‌یه‌ و بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە كە (سەرۆك بارزانی) مافی پێكهاتەكان دەپارێزێت.. چۆن لە رابردوودا بەرگری لە مافی پێكهاتەكان كردووە، لە داهاتوویشدا بە هەمان شێوە بەرگری لێ دەكات، چونكە ئەگەر ئەو نەبووایە نەمان دەتوانی بەو شێوەیە رۆژە خۆشەكانی خۆمان بەسەر بەرین.''



(كلدو ئاشوری) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، ''ئێمە كە لە سنووری تلسقۆف ئاوارە بووینە، ئێستا ناوچەكەمان ئازاد كراوە و كار دەكەین بگەڕێینەوە، بەڵام لەو جەژنەدا داواكارین ناوچەكانی ئێمە بگەڕێندرێەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە دەزانین ئەگەر ناوچەكانی ئێمە نەخرێنەوە سەر هەرێم، جارێكی دیكە رووبەڕووی دوژمن و دەربەردەری دەبینەوە، بۆیە نامانەوێت جارێكی دیكە ناوچەكانی ئێمە سەر بە مووسڵ بێت.''



(ئاشووری) ئەوەشی خستەڕوو، ''(سەرۆك بارزانی) بەردەوام پشتگیری لە ئێمە دەكات و دەرگای بە ڕووی ئێمەدا كردووه‌تەوە و هێزی پێشمەرگەش بە خوێنی خۆی ناوچەكانی ئێمەیان ئازاد كرد، بۆ ئەوەیش خوێنی هێزی پێشمەرگە بە فیڕۆ نەچێت، داوا دەكەین ناوچەكەمان بخرێتەوە سەر هەرێم.''


kdp-
Top