نەجمەدین کەریم: خوێنی شەهیدان ئاڵای کوردستانی شەکاوە کردووە
رۆژی یەکشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2016، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە میانەی رێوڕەسمێک لە کەرکووک بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان راگەیاند، کە دوژمنانی گەلی کوردستان وایانزانی بە رووخاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئاڵای کوردستان و ناوی پێشمەرگە لە ناو دەبات.
نەجمەدین کەریم هەروەها رایگەیاند، کە لە 80کانی سەدەی رابردوو، هەموو ساڵێک خۆی و ئەندامانی دیکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئەمریکا لە کاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان هیوایان دەخواست ساڵی ئایندە ئەو ئاڵایە لە کەرکووک بەرز بکەنەوە.
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئاواتەکەیان هاتووەتە دی و ئێستا ”ئەو ئاڵایە جوانە“ لە کەرکووک بەرز کراوەتەوە و گەنجان جلی جوانی پیشمەرگە بە ئازادی دەپۆشن.
هەروەک نەجمەدین کەریم رایگەیاند، شەکاوەیی و بەرزیی ئاڵای کوردستان لە سایەی خوێنی شەهیدان و خەباتی بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە و پاراستنی ئاڵا و ئازادیی مافە نەتەوەییەکانی کوردستانیشی بە ئەرکی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان دانا.
باسنیوز
