کوڕە شەهیدێکی سەرکردە بۆ سروە عەبدولواحید: قسەکانت لە گردەکەوە بۆ ماوەتەوە و ئەوەی بەرگری لەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بکات وەک ئەو وایە“

 کوڕە شەهیدێکی سەرکردە بۆ سروە عەبدولواحید: قسەکانت لە گردەکەوە بۆ ماوەتەوە و  ئەوەی بەرگری لەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بکات وەک ئەو وایە“
کوڕە شەهیدێکی سەرکردە کە هاوکات فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، بە توندی ڕەخنەی لە سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و خودی بزووتنەوەکە گرت، بەوەی سووکایەتییان بە کەسوکاری شەهیدان کردووە.



کادر شەهید نازم، کوڕی شەهیدی سەرکردە نازم حەمەی سلێمان کە هاوکات ئامۆزای عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕانە، لە نووسینێکیدا لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاماژەی بەوە داوە: ”وەکوو وەڵامێک ب حزبی گۆڕان و ئەندام پەرلەمانەکەی، دوای ئەوەی خەڵکی کوردستانتان چەواشە کرد و خۆشی و ئارامیی ئەم هەرێمەتان تێکدا، نەوەستان و پەرلەمانتارێکی ئەو حزبە خێزانی شەهیدە سەربەرزەکانمان بە لەشفرۆش ناو دەبات“.



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە بە پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت: ”ناهەقت ناگرین، ئەو قسانەت لەسەر گردەکەتەوە بۆت ماوەتەوە، بەڵام باش بزانە کە نەعلی خێزانی شەهیدە سەربەرزەکانمان لە تۆ بەڕێزترە، داوا لە بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان دەکەم، قەبووڵی نەکەن سووکایەتی بە شەرەفی شەهیدەکانمان بکرێت“.



لە کۆتاییشدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە هەر کەسێک پشتیوانی لە سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان بکات، ”وەک ئەو وایە“.



دوو هەفتە لەمەوبەر، سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەی بە “خۆفرۆش” ناوبرد و بەهۆیەوە کاردانەوەیەکی زۆر لەنێو شەقامی کوردستاندا دروست بوو. هەروەها لە شارەکانی (هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، کەلار، زاخۆ و چەندین ناوچەی دیکە) لە هەرێمی کوردستان، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ئەنجام دراوە و لە چەند دادگایەکیشدا سکاڵای یاسایی تۆمار کراوە.



لە بەرامبەر ئەو ناڕەزاییانەدا، پشتیوانەکانی سروە عەبدولواحید لە بەغدا بە سەرۆکایەتیی حەنان فەتلاوی، ژنە پەرلەمانتاری نزیک لە نووری مالیکی، هەڵمەتێکیان بە ناوی (لەگەڵ سروە عەبدولواحید بوەستن) دەست پێ کردووە و تێیدا پەرلەمانتارەکە بە “پاڵەوان” وەسف دەکەن و سووکایەتی بە سەرجەم ئەو کەسانەش دەکەن کە ناڕەزایی بەرامبەر بە قسەکانی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەردەبڕن. لەناوخۆی کوردستانیشدا، بزووتنەوەی گۆڕان بە تەواوەتی پشتیوانی لە قسەکانی پەرلەمانتارەکەی دەکات و ژمارەیەک کەسی دیکەش بە بیانووی خراپیی گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان، پشتیوانی لە پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەکەن.






باسنیوز
Top