وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵبکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵبکات
هەولێر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەبێت پەکەکە شەنگال چۆڵبکات، چونکە پەکەکە هیچ شوێنێکی لە شنگال نییە.

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "پەکەکە لەناو لیستی تیرۆری ئەمریکادایە و نابێت هیچ رۆڵێکی لە شنگالدا هەبێت، هەبوونی پەکەکەش لە شنگال وایکردووە ئەو گرووپە ببێتە بەربەستێکی گەورە بۆ ئاشتبوونەوە و گێڕانەوەی خەڵکی ئاوارە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیی "داوا لە تەواوی لایەنەکان دەکەین، لەوانەش حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارئاسانی بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی بکەن بۆئەوەی ئەم خەڵکە ئاوارە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و ئەو کۆمەڵگایە جارێکی دیکە ئاوەدان بکرێتەوە".

جۆن کێربی، داوای هاوئاهەنگی لە حکومەتی ناوەندی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو گوتیشی" دوای هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێکشکاندنی داعش و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان دەکەین".

هاوکات رۆژی پێنجشەممە 15-12-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی سەربەخۆیی کوردستان لە دهۆک لەبارەی پەکەکە لە شنگال رایگەیاند "پێویستە پەکەکە لە شنگال بچێتە دەرەوە، ئەمڕۆ بوونی پەکەکە لە شنگال ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکە دروست دەکات".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی "ئەمڕۆ بوونی پەکەکە لە شنگال ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکە دروست دەکات، یەکێکیش لەو هۆکارانەی کە شنگال ئاوەدان نابێتەوە بوونی پەکەکەیە تێیدا و ئەمەش راستییەکەیە، چونکە خەڵک لە داهاتووی خۆیان دڵنیانین، بۆیە ناگەڕێنەوە ناوچەکە، دەبێت پەکەکە لەمە تێبگات و لەپێناو خێری خەڵکی ناوچەکە لەو ناوچەیە بچنە دەرەوە".

رۆژی 3-8-2014 شنگال کەوتە دەستی داعش، لە مانگی دیسەمبەری هەمان ساڵدا بەشێکی ناوچەکان لەدەستی داعش دەرهێندرانەوە، بەڵام سەنتەری شنگال و گوندەکانی دەوروبەری تاوەکو مانگی نۆڤەمبەری 2015 هەر لەدەستی داعشدا بوون، کاتێک پلانێک لەلایەن مەسعود بارزانی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەوەی شارەکە دانرا و کۆنترۆڵکرایەوە.
payamner -
Top