راوێژکاری پێشووی دیپلۆماسیی ئەمریکا: ھەرێمی کوردستان لە گونجاوترین کاتدایە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی
گلبریت دەڵێت: "ئەگەر ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێن، ئەوا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەبێتە راستییەک لەسەر ئەرزی واقیع و جیھانیش دانی پێدا دەنێت، ئەم قۆناغە بە جۆرێک گرنگە پێویستە کورد چاوەڕوانی تەواو بوونی شەڕی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بکات، چونکە نازانرێت کەی شەڕی داعش تەواو دەبێت و ناشزانرێت کەی مووسڵ کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە، چونکە ئەوەی لە ئێستادا لە نێو مووسڵ دەگوزەرێت شەڕی کۆڵان بە کۆڵانە ئەم جۆرە شەڕەیش جیاوازە و کاتی زیاتری پێویستە".
ئەو پسپۆڕە گوتیشی: "شتێکی روون و ئاشکرایە لە قۆناغی ئێستای ناوچەکە ھەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێت، تۆ ناتوانی بڵێی ھێشتا ھەرێم ئامادە نییە بۆ سەربەخۆیی، چونکە لە یەک دوو ساڵی داھاتوو کاردانەوەکان لە بەردەم دەوڵەتی کوردی زیاتر ئاشکرای دەکەن کە ھەرێم زیاتر ئامادەیە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، نابێت ھاووڵاتییانی ھەرێم بیر لەوە بکەنەوە کە دوای سەربەخۆیی چ ئاستەنگەنێک رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵکو دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کە لەگەڵ غێراق دووچاری چەند بەربەست دەبنەوە، عێراق وڵاتێکە بە تەواوی بەڕێوە ناچێت وەک دەزانین کە ئێستا شیعە بەرەو حوکمی زۆرینە دەچێت لە عێراق و حەشدی شەعبیشی کردووە بە ھێزێکی سەربازی فەرمی".
لەبارەی پێدانی چەک و تەقەمەنیی بە ھێزەکانی پێشمەرگە پیتەر گالبریت گوتی: "بەداخەوە لە ئێستادا ھێزەکانی پێشمەرگە لەبارەی ھەبوونی چەکی ئەمریکیەوە لە پلەی چوارەمدان لە عێراق، ئەوانەی چەکی بەھێزیان پێیە لە جەنگەکەدا سوپای عێراق و داعش و حەشدی شەعبین، ھێزەکانی پێشمەرگە لە رووی ھەبوونی چەک و تەقەمەنی ئەمریکی لە دوای ئەو ھێزانەوەیە، بەڵام ئەگەر ھەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ببێتە ھاوپەیمانی ئەمریکا ئەوکات ھێزەکانی پێشمەرگە دەبێتە پلە یەک لە رووی پێدانی چەک و تەقەمەنی ئەمریکییەوە".
گوتیشی: "لە سەرەتای قۆناغەکەدا بەربەست دێنە پێش دەوڵەتە کوردییەکە و رەنگە رووبەڕووی رەخنە و ئاستەنگیش ببنەوە، بەڵام پێویستە کێشەکانی خاک و دیاریکردنی سنوورەکان لەگەڵ عێراق چارەسەر بکرێن، ئینجا پرسە تەکنیکییەکان و دابەشبوون و بنەماکانی پشتبەخۆ بەستن چارەسەر بکرێن".
سەبارەت بەوەی کورد چی بکات بۆ ئەوەی ئەو ھەلە زێڕینەی لە دەست نەچێت؟ ئەو پسپۆر و لێکۆلەرەی کاروباری کوردستان لە ئەمریکا دەڵێت: "پێویستە گەلی کورد رایبگەیەنێت کە دەیانەوێت ریفراندۆم ئەنجام بدەن بۆ سەربەخۆیی ھەرێمەکەیان، دەبێت دانوستاندن لەگەڵ بەغداش بکەن و لە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگدا بگەنە رێککەوتن، ئەگەر بەغدا نەھاتە ناو رێککەوتنەکە لەبارەی سەربەخۆی ھەرێمی کوردستان، ئەو کات مافی خەڵکەکەیە لە بە راپرسی بابەتی سەربەخۆیی یەکلایی بکەنەوە".
پیتەر گالبریت لە ٣٠ی دیسێمبەری ساڵی ١٩٥٠ لە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا لە دایک بووە، یەکێکە لە نووسەر و لێکۆلەر و راوێژکاری سیاسییە دیارەکانی ئەمریکا و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا بووە لە کرواتیا، لە ساڵی نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە بە گرنگییەوە بەدواداچوون و لێکۆلینەوەی لە پرس و مافەکانی کورد کردووە لە ھەرێمی کوردستان. خاوەنی بیرۆکەی دابەشبوونی عێراقە بۆ سێ پارچە و لە کۆنەوە تاکو ئێستایش پشتگیری لە مافە رەواکانی گەلی کورد دەکات.
payamner -
