پارتی پیرۆزبایی لە یەکێتی ئافرەتان دەکات

پارتی پیرۆزبایی لە یەکێتی ئافرەتان دەکات

بەبۆنەی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان, مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئه‌و یه‌كێتییه‌ كرد.



ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

بەڕێز د. ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان..

بەڕێزان ھەڤاڵانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵا..

بەبۆنەی(٦٤)ھەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیە تێکۆشەرەکەتان، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەو ئەنجوومەنەکان و گشت ئەندام و ئافرەتانی کوردستان دەکەین، ھیوادارین ھەمیشە ھەر سەرکەوتوو بن لە ھەوڵ و کۆشش و کاروچالاکیەکانتان بۆ دابینکردنی گشت مافەکانتان لە ئازادی و یەکسانی و بەختەوەری.

کاتێک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەر لە(٦٤)ساڵ بە پاڵپشتی و بڕیاری سەرکردە و رێبەری نەتەوەییمان ((بارزانی نەمر)) دامەزرا، ھەنگاو ودەسکەوتێگی دیکەی گرنگ بوو بۆ سەرجەم توێژی ئافرەتان و وەک سەکۆیەکی کاریگەر توانی بەو تەمەنە دەوڵەمەندەی رۆڵی دیارو بەرچاوی خۆی شانبەشانی تێکۆشانی گەلەکەمان و بزووتنەوە رزگاریخواز و سیاسیەکەی لە گشت قۆناغ و شێوازەکانی خەبات و کۆڵنەدان دا ببێنێ و گەلێک دەسکەوتی بەنرخیش بەدەست بێنێ.

ئاشکرایە توێژی بەرفراوانی ئافرەتان بەپێی ئەو پانتاییەوپێگەیەی ھەیانە لەنێو کۆمەڵگەدا، چ ئەرک وکارێکی چارەنووسسازیان لە ئەستۆدایە و چ سەنگ و کاریگەریەکیشیان ھەیە بەسەر کۆمەڵگەو پێشکەوتن و بونیاتنانی ئایندەوە، لەو رووەوەش قوربانی زۆریان داوەو بەردەوامیشن لەو رێگایەدا، بۆیە رۆڵی بەرپرسانەی ئێوەویەکێتیەکەتان گرنگ و بایەخدارە، بەتایبەتی لەو قۆناغە چارەنوسسازەی ئەمڕۆماندا شانبەشانی رۆڵەکانی گەلەکەمان و پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی مەترسیەکان و پەلامارو ھەڕەشەی تیرۆریستان و دوژمنان و نەیارانمان و داکۆکیکردن و پاراستنی ئەو ئەزموونەو دەسکەوتەکانمان و دەربازبوون لەو ئاستەنگ وکۆسپانەی لەئارادان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی یەکجارەکی.

جارێکی دیکە بەو بۆنەوە پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ئێوەو یەکێتیەکەتان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین ھەردەم پێشەنگ و پێشڕەوی بزووتنەوەی ئافرەتانی کوردستان بن بۆ بەرجەستەکردن و بەدەستھێنانی گشت ماف و داخوازیە رەواکانتان، ھەروەھا ھەردەم ئەو دەنگە زوڵاڵ و راستەقینەیە بن، کە شەست و چوار ساڵە دەدرەوشێەوەوگەشە دەکات و پەرەدەستێنێ و لەھەر قۆناغ وسەردەمێکیشدا وەڵامی واقیعیانەوگونجاوی خواست و ویستەکانی ئافرەتان و کێشە رەواکانیانن.
payamner-
Top