دوو دەستگیراندار لە زاخۆ پێكەوە دەخنكێن

دوو دەستگیراندار لە زاخۆ پێكەوە دەخنكێن

وا بڕیار بوو دوای ١٥ رۆژی دیکە زەماوەند بکەن، بەڵام قەدەری ئەوان وابوو لە ژوورێکدا پێکەوە بخنکێن.

رۆژی ٨/١٢/٢٠١٧ ھاوار عەبدولکەریم و دلڤین موحسین، کە ئامۆزای یەکدی بوون و زیاتر لە سێ مانگ بوو دەستگیراندار بوون، لە گوندی خێزاڤای سەر بە ناحیەی باتیڤا لە ژوورێکدا بە گازی یەکەم ئۆکسید خنکان.

رۆژھات ئیدریس، ئامۆزا و ھاوڕێیەکی نزیکی ھاوار بووە، ھەندێ زانیاری لەبارەی خنکانی ھاوار و دەستگیرانەکەی گوتی "کاژێر حەوتی ئێوارەی رۆژی ٨/١٢/٢٠١٧ بە ئاگاداری خێزانی ھەردوولا (ھاوار و دلڤین) سەفەرێک بۆ گوندی خیزاڤای سەر بە ناحیەی باتیفا لە قەزای زاخۆ دەکەن".

وەک ئامۆزاکەی دەڵێت "کاژێر بوو بە ٩:٣٠ی شەو باوکی ھاوار پەیوەندی پێوەکردین و گوتی ھەرچی زووە بەدوای ھاواردا بڕۆن، چونکە قەت ھێندە دوانەکەوتووە".

شێرزاد عەبدولکەریم برای ھاوار یەکەم کەس بووە کاژێر ١٠:٣٠ی شەو گەیشتووەتە ئەو شوێنەی دوو دەستگیرانەکەی لێبووە. رۆژھات ئیدریس گوتی "کاتێک برای ھاوار دەرگای ئەو ژوورە دەکاتەوە کە ھاوار و دەستگیرانەکەی تێدا بوون، ژوورەکە پڕ بووە لە دووکەڵ. ھاوار و دلڤین لەسەر زەوی کەوتبوون، ھەوڵی دابوو براکەی و دەستگیرانەکەی دەربھێنێ ئەویش لەبەر زۆریی گاز و دووکەڵەکە لە ھۆش خۆی چووبوو".

شێرزاد ھەروەھا گوتی "کە بەھۆش ھاتمەوە یەکسەر رامکردە دەرەوە و چەند گوللەیەکم تەقاند، بۆ ئەوەی خەڵک بەھانامانەوە بێن، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵکی گوندەکان زوو دەخەون کەس نەھات و ناچاربووین دواتر لە رێگەی کەسوکاری خۆم ھەردووکمان گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی زاخۆ".

ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی گوتی "بەپێی راپۆرتی دادپزیشکی ئەو دوو دەستگیراندارە کە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، ھاوار ھێشتا دڵی لە لێدان نەکەوتبوو".
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە زاخۆ تەنیا لەم ساڵەدا ئەمە سێیەمین رووداوی خنکانی ھاووڵاتیانە بە گازی ژەھراوی.

پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە. رائیدی مافپەروەر ھێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دھۆک راگەیاند "ھیچ گومانێکمان نییە لە رووداوەکە و تیمەکانمان سەردانی شوێنەکەیان کردووە".

ھاوار تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە، پێنج برا و سێ خوشکی ھەبوون، دلڤینی دەستگیرانیشی کە ئامۆزای بووە، تەمەنی ١٨ ساڵ بووە و حەوت خوشکی ھەبووە، بەڵام ھاوار و دلڤین لە خوشک و برایەکانی خۆیان بچووکترینن، زیاتر لە سێ مانگ بوو گرێبەستی ھاوژینیان لە دادگای باری کەسی لە زاخۆ تۆمارکردبوو.

شێرزاد گوتی "ئەوان پلانیان دانابوو دوای ١٥ رۆژی دیکە زەماوەند بگێڕن، بەڵام بەداخەوە ئاھەنگیان نەکرد و ماڵئاواییان لێکردین، خۆشییان لێ کردین بە شین"
payamner-
Top