ئامینە زکری: چەندین ھەڵسوڕاوی گۆڕان پەیوەندیان پێوەکردووین

 ئامینە زکری: چەندین ھەڵسوڕاوی گۆڕان پەیوەندیان پێوەکردووین
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەو سوورە لەسەر دادگایی کردنی ژنە پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، کە "لەناو گۆڕانیش خەڵکی نیگەران زۆرە".

ئامینە زکری، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2016 سکاڵای یاسایی لە دژی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان تۆمار کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی دادگا دەکات.

ئامینە زکری هەروەها رایگەیاند، کە پارێزبەندیی یاسایی بۆ ھیچ کەسێکیش نییە، کە بیەوێت سوکایەتی بە پێشمەرگە بکات، "بەپێی یاسایی سزادانی عێراقی، ژمارەی (١١١) ساڵی ١٩٦٩ ماددەی ٤٣٣، ئەوەی سروە عەبدولواحید، ئەنجامی داوە ناوزراندن و تەشهیرکردنە بە خانەوادەی شەھیدان، بۆیە ھیچ پارێزبەندییەک گەورەتر نییە لە خێزان و خانەوادەی شەھیدان".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە، چەندین ”هەڵسوڕاوی بەرپرس و نیشتیمانپەروەر“ی گۆڕان پەیوەندییان پێوە کردووە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.

پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.














باسنیوز
Top