بكوژی مینا لەسێدارە درا

بكوژی مینا لەسێدارە درا
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ رووداوی راگه‌یاند، شه‌وی 10 له‌سه‌ر 11ی 12ی 2016، سزای لەسێدارەدان به‌سه‌ر (عەبدوڵڵا.ح.ع) بكوژی مینا مێڤان محەممەدی تەمەن 18 مانگدا جێبه‌جێكراوە، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو رێكاره‌ یاساییه‌كان ته‌واوكراون.

مێڤان محه‌ممه‌د، باوكی مینا به‌ تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "من له‌بارەی لەسێداره‌دانی بكوژی كچه‌كه‌م ئاگاداركرامەوە و ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژێكی پیرۆز ده‌زانم، كه‌ ئه‌و بە سزای خۆی گه‌یشت".

رۆژی 9/6/2016 كچێكی تەمەن 18 مانگ بە ناوی مینا مێڤان محەممەد، دانیشتووی گەڕەكی سەرهەلدانی شاری دهۆك دیارنەما. دوای 10 رۆژ تەرمی مینا بە پارچە پارچەكراوی لە گوندەكەی خۆیان (بەرئاشی) دۆزرایەوە. كوشتنی مینا كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دەركەوت ئەو كەسەی مینای كوشتووە، ویستوویەتی دەستدرێژی بكاتە سەر.

رۆژی 10/7/2016 دادگای تاوانی یەك بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ (ع.ح.ع) تەمەن 22 ساڵ دەركرد. دادگای پێداچوونەوەش لە رۆژی 19/10/2016 سزاكەی پەسەند كرد. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، رۆژی 27/11/2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر بڕیارەكەی دادگا كرد.

لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك پێشتر بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "كەسوكاری ئەو منداڵە هەر لە سەرەتاوە گومانیان لە خزمێكیان هەبوو. دوای بەدواداچوونی پۆلیس، دەركەوت لەلایەن ئەو گەنجەوە رفێنراوە و دواتر لە گوندەكەی خۆیان خنكاندوویەتی. ئەو گەنجە دانی بەوەدا نا كە ویستوویەتی دەستدرێژی بكاتە سەری و دواتر كوشتوویەتی".

دوای رووداوەكە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە مێڤان محەممەد، باوكی میناوە كرد، جگە لەسەرەخۆشی، بەڵێنی دا بەدواداچوونی ورد بۆ كەیسی كوژرانی مینا بكرێت.

مێڤان محەممەد، باوكی مینا، دوای ئەوەی بارزانی بڕیارەكەی دادگای واژۆ كرد، بە (رووداو)ی راگەیاند "سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڵێنەكەی خۆی بەجێگەیاند، ئێمە سوپاسی دەكەین. ئەو تاوانەی بەرامبەر ئێمە كرا، تاوانێكی گەورە بوو. پێویستە ئەوانەی تاوانی وا دڕندانە دەكەن، لەسێدارە بدرێن".

بەهۆی قێزەونی تاوانەكە رای گشتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داوای سزای لە سێدارەدانیان بۆ ئەنجامدەری تاوانەكە دەكرد ئەگەرچی بە كردەوە ئەو سزایە لە هەرێمی كوردستان هەڵپەسێردراوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەگشتی واژۆ لەسەر سزاكانی لەسێدارەدان ناكات.




رووداو
Top