شێخ لەنگەری: لە دوزخورماتوو ئەوەی ناو بۆ حەشدی شەعبی کۆدەکاتەوە کوردە

شێخ لەنگەری: لە دوزخورماتوو ئەوەی ناو بۆ حەشدی شەعبی کۆدەکاتەوە کوردە
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو دەڵێت، لە دوزخورماتوو دەست بە کۆکردنەوەی و ناونووسکردن دەکرێت بۆ دروستکردنی حەشدی شەعبی و سەرپەرشتیاری ئەو کارەش کوردە.



"ئەحمەد شێخ لەنگەری" بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "لە قەزای دوزخورماتوو ھەوڵی دروستکردنی حەشدی شەعبی دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ناو کۆدەکرێتەوە و خەڵک ناونووس دەکرێت."



ئەحمەد شێخ لەنگەری گوتی: لە ئێستادا ناونووسکردنی خەڵک زۆر بە ئاشکرا ناکرێت و بە نەھێنی دەکرێت، بەڵام سەرپەرشتیاری ئەو کارە کوردە و نزیکە لە لایەنێکی سیاسی و خەڵکی ناوچەکەیە.



راشیگەیاند: لەئێستادا وایلێھاتووە خەڵک لە خیانەتی نیشتمانی ناترسێت و بگرە سووکایەتی بە ھێزی پێشمەرگە و خانەوادەی شەھیدان دەکرێت، کە بەداخەوە بۆ ئەو کردەوانەی لەلایەن ئەو کەسانەوە دەکرێت.



ئەمەش لەکاتێک دایە، ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە حەشدی شەعبی بەنیازی دروستکردنی دوو لیوایە لە حەشدی شەعبی، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە ناونووسکردن کردووە.
PAYAMNER -
Top