چوار فراکسیۆنەکە لە گەرەنتییەکەیان سەبارەت بە مووچە پەشیمان دەبنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 11\12\2016، ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئاشکرای کردووە کە فراکسیۆنەکانی (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو)، مامۆستایانیان دڵنیا کردووەتەوە لەوەی، گرەنتییان وەرگرتووە و لە مانگی یەکەوە، مووچە لە بەغداوە دێت.
لە بەرامبەردا موسەننا ئەمین، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕاگەیاند: “بە هیچ شێوەیەک گەرەنتیمان بەهیچ لایەنێک نەداوە، ئەو قسەیە بنەمای نییە، من باسی ئەوەم کردووە، پڕۆژەیەکە هەوڵی بۆ دراوە، ئێمە دڵنیا نین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات و دڵنیاش نین لەوەی بەغداش بچێتە ژێرباری ئەو پڕۆژەیە، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی هەنگاوی پێویست نەنێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئەوەی گەرەنتی بدەین بە خەڵک، شتی وانییە، چونکە ئەوە کاری ئێمە نییە، کاری حکوومەتە".
پێشتر پەرلەمانتارانی ئەو چوار فراکسیۆنە، تێپەڕاندنی یاسای بودجەی گشتیی 2017ی عێراقیان بە دەستکەوت لەقەڵەم داوە، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ناوەڕۆکی بڕگە و ماددەکانی یاساکە دەربڕیوە.
باسنیوز
