شێخ جه‌عفه‌ر: پێشمه‌رگه‌ نه‌بووایه‌، ئه‌وانه‌ی سووكایه‌تی پێ ده‌كه‌ن ئێستا كەس نەیدەزانی لەبەردەم دەرگای كام ئیستیخباراتی وڵاتانی دراوسێ هەڵقونجاون

  شێخ جه‌عفه‌ر: پێشمه‌رگه‌ نه‌بووایه‌، ئه‌وانه‌ی سووكایه‌تی پێ ده‌كه‌ن ئێستا كەس نەیدەزانی لەبەردەم دەرگای كام ئیستیخباراتی وڵاتانی دراوسێ هەڵقونجاون

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) دەڵێ، ئەوانەی سوكایەتیی بە هێزی پێشمەرگە و شەهیدان و كەسواریان دەكەن، تەنیا خۆیانی پێ سوك دەبن، راستییه‌كه‌ی سوكایەتیكردن بە هێزی پێشمەرگە سیاسەتێكە و تاقمێك گرتوویانەتەبەر و، ده‌شڵێت، دەبێ ڕێكاری یاسایی بەرانبەر پەرلەمانتارەكەی گۆڕان بگیرێتەبەر و سزای یاسایی بدرێت.

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی و فەرماندەی یەكەی حەفتای هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه‌: "هێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەكێكە لە هێزە كاریگەر و بەرچاوەكانی جیهان و بەهێزێكی نیشتیمانی ناسراوە و بەرگری لە ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكات، شەڕی گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی جیهان دەكات و هەر ئەو بوو ئەفسانەی داعشی تێك شكاند. تەنیا لە سەرەتای شەڕی داعشەوە پێشمەرگە زیاتر لە 12هەزار شەهید و برینداری داوە و هەموو كوردستانی بە ناوچەدابرێندڕاوەكانیشەوە پاراستووە."

(شێخ جەعفەر) گوتیشى: "ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئێستا وەكو ناوچەكانی تكریت و مووسڵ و ئەنباری لێهاتبوو، ئەوانەیشی بە چاوی سوك سەیری پێشمەرگە دەكەن، ئێستا كەس نەیدەزانی لەبەردەم دەرگای كام ئیستیخباراتی وڵاتانی دراوسێ هەڵقونجاون. ئەوانەی سوكایەتیی بە هێزی پێشمەرگە و شەهیدان و كەسواریان دەكەن تەنیا خۆیانی پێ سوك دەبن، چونكە پێشمەرگە بەوە سوك نابێت ڕۆژێك بیكەن بە میلیشیا و ڕۆژێك سوكایەتیی بە خانەوادەكەی بكەن و ڕۆژێكیش سوكایەتیی بەخۆی بكەن، تەنیا خودی خۆیانی پێ سوك دەبن. ئاخر هەموو خەڵكی كوردستان پشتگیر و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەیە."

فەرماندەی یەكەی حەفتای هێزی پێشمەرگە جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، سوكایەتیكردن بە هێزی پێشمەرگە سیاسەتێكە و تاقمێك گرتوویانەتەبەر بۆ لەكەداركردنی ئەم هێزە و شەهیدەكان و خانەوادە سەربەرزەكانیان، یان سوكایەتیی بە پیرۆزییەكانی گەلی كورد و دەستكەوتەكانی دەكەن، نابێ گلەیی لە تاقەكەسێك بكرێت چونكە ئەمە سیاسەت و بەرنامەی ریكخستنەكەیەتی، دەبێ ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەم پەرلەمانتارەی گۆڕانیش بگیرێتەبەر و سزای یاسایی بدرێت."
hawler-
Top