راھێنەری ھەندرێن دەستی لەکار کێشایەوە
بەفەرمی ئەمرۆ ھەینی تەھا قادر راھێنەری یانەی ھەندرێن دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە دەستەی کارگێری یانەکەی کرد و دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوولکرا.
لە لێدوانێکی تایبەتدا تەھا قادر گوتی: بەھۆی خوێندنەوە، کە دەبێت بۆ ماوەی یەک مانگ گەشت بکەم بۆ وڵاتی میسر و لە تیپەکە داببرێم بەپێویستم زانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش بە دەستەی کارگێری یانەکە بکەم، تاوەکو بتوانن لەم ماوەیەدا کەسێکی تر لە شوێنی من دەستنیشان بکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا تەھا قادر گوتی: ھیچ کەسێک دەستی لە کارووباری من نەداوە و ھەروەھا ھیچ کێشەیەکم لەگەڵ دەستەی کارگێری یانەکە و ستافی راھێنەران و یاریزانان نییە، بەڵکو ھۆکاری سەرەکی خوێندنەکەم بوو لێرەوە سوپاسی ھەموو لایەک دەکەم، کە لە کارەکەم پاڵپشتی من بوون.
لە کۆتایی قسەکانیدا تەھا قادر گوتی: بۆ ماوەی یەک مانگ لە خولەکانی کوردستان دادەبرێم ھەرچەندە لەگەڵ وەرگرتنی ئەرکی راھێنەرایەتی یانەی ھەندرێن پلانی خۆمان بۆ ئەم بابەتە دانابوو، بەڵام لە دوا ساتەکان پڵانەکان گۆرانکاری بەسەر داھات و ناچار بووم ئەم ھەنگاوە بنێم.
لە لایەکی ترەوە یانەی ھەندرێن ووتەکانی تەھا قادری راھێنەری ھەندرێن پشت راستکردووە و حاکم جەمال سەرۆکی یانەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتی: ئەمرۆ ھەینی دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ٣ کاتژمێری رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی تەھا قادر راھێنەری یانەکە درا، کە بەھۆی خوێندن نەیتوانی لەگەڵ تیپەکە بەردەوام بێت، ھەرچەندە ئێمە ھەوڵێکی جدیمان دا، کە لە بریارەکەی پاشگەزی بکەینەوە، بەڵام سوودی نەبوو، چونکە نەدەکرا یانەکەمان بکرێتە قوربانی و ھەروەھا دوا رۆژی تەھا قادر بکرێتە قوربانی.
لە درێژەی قسەکانیدا حاکم جەمال گوتی: ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ راھێنەر نەبوو، بەڵکو تیپەکەمان لە کاتی ئێستادا لە پێشەنگی کۆمەڵەی خۆی دێتن و ئاستی یانەکەمان لە یارییەک بۆ یارییەکی تر بەرز دەبێتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا حاکم جەمال گوتی: لە چەند رۆژی داھاتوو راھێنەرێکی تر بۆ یانەکەمان دەست نیشان دەکەین ئێستا چەند ناوێک لەبەردەم دەستەی کارگێری یانەی ھەندرێن دایە و گونجاوتریان دەستنیشان دەکەین و ستافی راھێنەران، کە لەگەڵ تەھا قادر کاریان دەکرد لە کارەکەی خۆیان بەردەوام دەبن.
لەسەرچاوەیەکی نزیک و باوەرپێکراو لە دەستەی کارگێری یانەی ھەندرێن ھەریەکە لە (سەمەد جەوھەر، دلشاد مەعروف، فازل عەباس) پالێوراوی سەرەکین بۆ وەرگرتنی پۆستی راھێنەرایەتی یانەی ھەندرێن.
جێگەی باسە تا ئێستا دوو راھێنەر دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە یانەکانیانکردووە و قبوولکراوە، کە ئەوەیش (دلشاد مەعروف) راھێنەری یانەی پێشمەرگەی ھەولێر و (تەھا قادر) راھێنەری یانەی ھەندرێن.
payamner-
