شارەوانیی شنگال بە ئەندامی ڕێكخراوی شارەوانییەكانی جیهان بۆ ئاشتی وەرگیرا
خدر كەریم، جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی شارەوانییەكانی جیهان بۆ ئاشتی ڕایگەیاند "ئەمساڵ لە كۆنفرانسی ڕێكخراوەكەماندا لە ساڵیادی تاوانی هێرۆشیمادا، بەدەر لە باسكردنی جینۆسایدی هەڵەبجە، باسی هەریەكە لە كۆبانی و قەزای شنگال و شارەدێی گوڵاڵەم كرد وەكو دوو ناوچەی كارەساتبار كە بە دەستی تیرۆریستان جینۆساید كراون".
گوتیشی "پێش ماوەیەك كۆبانی بە فەرمی بوو بە ئەندام لە ڕێكخراوی شارەوانییەكانی جیهان بۆ ئاشتی و دوێنێ 9/12/2016 ش ئاگاداركرامەوە كە شارەوانیی شەنگال بە فەرمی لە ڕێكخراوەكە وەرگیراوە و سەرۆكی شارەوانییەكەی دەبێتە ئەندام لە ڕێكخراوەكە و لە كۆنفرانسی ساڵی داهاتووی ڕێكخراوەكەدا لە ناكازاكی بەشدار دەبێ و بەمزوانەش بڕیار لەسەر وەرگرتنی شارەوانیی گوڵاڵە دەدرێت".
كەریم ئاماژەی بەوەش دا "ئەندامێتی ئەو شارە كوردییانە لە ڕێكخراوەكەدا لەڕووی مەعنەوەییەوە كاریگەرییەكی ئەرێنی باشی هەیە لە ڕووی زووتر بە جینۆساید ناساندنیان بۆ ئەوەی كەیسەكانیان ببێتە كەیسێكی نێودەوڵەتی و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتوانەكەی بكرێتەوە".
152 وڵات نوێنەریان لە ڕێكخراوی شارەوانییەكانی جیهان بۆ ئاشتی هەیە كە هەمان كات نوێنەرن لە نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش لە نیویۆرك و جنێف، زیاتر لە 7 هەزار 100 شارەوانی جیهانیش ئەندامن لە ڕێكخراوەكەدا.
باسنیوز
