بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی سەربازیی پێشووی ئەمەریكا و هاوپەیمانان کۆبووەوە
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندەکە به سه‌رۆكایه‌تیی جه‌نه‌ڕاڵ جه‌ی گارنه‌ر و به‌بۆنه‌ی یادی 25 ساڵه‌ی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام سه‌ردانی كوردستانیان كردووه.
له دیداره‌كه‌دا، شاندی میوان سوپاسی بارزانیییان كردووە و ئاماژه‌یان به‌وه داوە، “ته‌نیا كورده ئه‌و دۆستانه له‌یاد ناكات كه یارمه‌تیداون” و به شانازییەوە باسیان له یارمه‌تیدانیان بۆ كوردستان له 1991 كرد و سه‌رسامییان به‌رامبه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له 25 ساڵی ڕابردوو نیشان داوە.
هاوکات جەختیان له‌وه كرده‌وه، پێویسته ئه‌مه‌ریكا و ئیداره‌ی نوێ ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت کە كوردستان له‌پێناو پاراستنی بەهاكانی مرۆڤایەتی، چەندە هەوڵی داوە و ڕۆشناییشیان خسته‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئه‌و شاندە سه‌ربازییه، سوپاسی قاره‌مانێتی و ئازایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان كردووە، له ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش و هاوخه‌مییان بۆ قوربانییه‌كانیش نیشان دا.
له‌به‌رامبه‌ردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ شاندی میوان، بە گەرمی بەخێرهاتنی كردن و ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندیی تۆكمه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان دا.
له بارەی ڕۆڵی ئه‌و تیمه سه‌ربازییه‌ی له ساڵی 1991 به‌شداربوون له پاراستنی هه‌رێمی كوردستان، بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه كرد: “ئه‌وه‌ی ژێر ده‌ستی نه‌بینی بێ، به‌های ئازادی نازانێ. ئێمه ئه‌و كاته له‌دۆخی مان و نه‌ماندا بووین، ئێوه هاتن یارمه‌تیی گه‌لی كوردستانتاندا، به‌و یارمه‌تییه و بڕیاری دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام، كاریگه‌ریتان هه‌بوو له‌سه‌ر گۆڕینی ڕوانگەی سیاسیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به دۆزی كورد”.
شاندی میوان داوایان لە بارزانی كرد، له‌باره‌ی دۆخی به‌ره‌كانی جه‌نگ و شه‌ڕی مووسڵ، به‌رچاوڕوونییان پێ بدات، بارزانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: “هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه عێراقییه‌كان له مووسڵ و ده‌ورو‌به‌ری، سه‌ركه‌وتنی باشیان تۆمار كردووه”، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له ئاینده ده‌بێ، مافی پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره بپارێزرێ.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا بارزانی، ته‌ئكیدی له په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانێتیی شه‌ڕی دژ به داعش كرد و هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانێتیی دژ به داعشی به‌رز نرخاند و ئاماژه‌ی به‌وه كرد: “ئێمه و هاوپه‌یمانان له كۆمه‌ڵێك به‌های مرۆڤایه‌تی هاوبه‌شین و پێكه‌وه له دژی تیرۆریستان ده‌جه‌نگین بۆ چه‌سپاندنی به‌ها به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تی”.
شاندەکە لە هەریەک لە (جه‌ی گارنه‌ر، ئه‌ندرو كێلینگ، جوناسان سمسون، جۆن ئه‌بی زه‌ید، ئێكبێرت كلۆپ، فرانكۆ مورتینكۆن، رافائیل لوبینی، تۆنی كراون، مارك رولینس، بێل هاجه‌ر و ڕیچارد ناب) پێکهاتبوون.
باس‌نیوز
