کەسوکاری شەهیدان لە دهۆک داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سروە عەبدولواحید دەکەن

 کەسوکاری شەهیدان لە دهۆک داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سروە عەبدولواحید دەکەن
کەسوکاری شەهیدان لە پارێزگای دهۆک، لە دژی لێدوانەکەی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان، یاداشتێکیان بڵاو کردەوە و داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر ئەو پەرلەمانتارە کرد.

لەو یاداشتەدا کە لە شاری دهۆک خوێندرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت سنوورێک بەرامبەر ئەو بێڕێزییانە دابندرێت کە بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان دەکرێت و داواشیان لە پەرلەمانتاران کردووە، پشتیوانی لە کەسوکاری شەهیدان بکەن.

لە یاداشتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە: ”نیگەرانین ئێستا ئەندامێکی بەرزترین دەسەڵاتی عێراق، سووکایەتی بە شەرەفی ئێمە بکات و هەستمان بریندار بکات. بۆیە داوا دەکەین سروە عەبدولواحید داوای لێبوردن لە خێزانی شەهیدان بکات و دان بە هەڵەی خۆیدا بنێت“.

هاوکات داوا لە پەرلەمانی عێراق کرا، ”پارێزبەندی“ لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان هەڵبگرێت و یاسا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. قسەکانی سروە عەبدولواحیدیش بە پێشێلکردنی دەستوور و ڕێزنەگرتن لە پیرۆزییەکانی خەڵکی لێک درایەوە.

کەسوکاری شەهیدان لە دهۆک، لە یاداشتەکەیاندا، بزووتنەوەی گۆڕانیان شەرمەزار کرد و ڕایان گەیاند: ”گۆڕان لە جیاتی ڕەتکردنەوەی قسەکانی، بەیاننامەی دەرکردووە و بیانووی بۆ پەرلەمانتارەکەی هێناوەتەوە و پشتیوانی کردووە، بۆیە شەرمەزاری دەکەین. داواش لە هەموو لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان دەکەین، بێدەنگ نەبن و یەک هەڵوێست بن“.

پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.











باسنيوز
Top