پەرلەمانتارێک: هەر کەسێک دژایەتیی پارتی بکات فەتلاوی و مالیکییەکان بە پاڵەوانی دەزانن
د. عەرەفات کەرەم، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ”هەر کەسێک لە نێو کوردستان بێت یان لە عێراق، مادام لەدژی پارتی و پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان قسەی کرد، لەلایەن حەنان فەتلاوی و لایەنگرانی مالیکییەوە بە پاڵەوان لەقەڵەم دەدرێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”سروە خان لە لێدوانەکەیدا ناوی ژنی پێشمەرگە و شەهیدانی پێشمەرگەی زڕاندووە، دەبێت داوای لێبووردن بکات. ئەم کێشەیە کێشەیەکی سیاسیی نێوان پارتی و گۆڕان نییە، بەڵکو کێشەی کەسیی ئەو پەرلەمانتارەیە“.
عەرەفات کەرەم سەرسوڕمانی خۆشی لەوە دەربڕی کە چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرگری لە سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان دەکەن و گوتی: ”ئەم بەرگریکردنەیان لە کاتێکە کە هەر پارتی خاوەنی کەسوکاری شەهیدان نییە و یەکێتیش شەهیدی هەیە“.
پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.
باسنیوز
