سلێمانی.. سکاڵای یاسایی دژی سروە عەبدولواحید تۆمار دەکرێت
رۆژی هەینی 9ـی کانوونی یەکەمی 2016، دلێر نەقشبەندی، سەرۆکی ڕێکخراوی خێرخوازیی ئاشتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو پەڕلەمانتارە تۆمەتی ئەخلاقی بۆ خانەوادەی شەھیدان دروستکردووە، کە دەربڕینی قسەی ئەو پەڕلەمانتارە لە کۆمەڵگای ئێمەدا "ئەو پەڕی عەیبەیە".
دلێر نەقشبەندی رایگەیاند، کە خانەوادەی شەھیدان تاجی سەری هەموو خەڵکی کوردستانن و "ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک سوکایەتی بەخانەوادەی سەربەرزی شەھیدان بکات".
سەرۆکی ڕێکخراوی خێرخوازی ئاشتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە دادگای ھەرێمی کوردستان سکاڵای یاسایی دژی ئەو پەڕلەمانتارە تۆمار دەکەن، "بەڵام ئەگەر ئەو پەڕلەمانتارە داوای لێبووردن لە خانەوادەی شەھیدان بکات و ڕوونکردنەوە لەسەر ھەموو قسەکانی بکات، ئەوکاتە ئێمەش سکاڵاکەمان دەکشێنینەوە".
پێشتر سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵێکی عەرەبی رایگەیاندبوو، کە "ژنە شەهیدی پێشمەرگە لەبەر بێ پارەیی لەشفرۆشی دەکات".
باسنیوز
