توركیا: له‌باره‌ی كه‌مپی باشیكه‌وه گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ عیراق به‌رده‌وامه
ئیبراهیم كالن، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، وه‌ره‌قه‌یه‌كی دانوستاندنیان له‌به‌رده‌سته بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مپی باشیك بخرێته چوارچێوه‌یه‌كی یاساییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش گفتوگۆی له‌گه‌ڵ عیراق ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها وتی "ئه‌و كه‌مپه‌ی ئێمه له‌باشیك له‌چوارچێوه‌ی شه‌ڕی دژ بهداعشو هاوكاری عیراقیه‌كان ده‌كات، تائێستاش به‌رده‌وامه له‌پشتیوانی هێزه عیراقیه‌كان".
ژماره‌یه‌ك له‌هێزه‌كانی سوپای توركیا، له‌سنوری ناحیه‌ی باشیك-ی موسڵ جێگیربوون‌و ده‌یانویست له‌شه‌ڕی ئازادكردنی موسڵ رۆڵیان هه‌بێت، به‌ڵام به‌غدا به‌توندی دژی ئه‌و هه‌نگاوه وه‌ستایه‌وه‌و تائێستا سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌كه بكشێنه‌وه.
له‌به‌شێكی تری كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا باسی له‌ئۆپراسیۆنی قه‌ڵغانی فورات كرد كه له‌كۆتایی مانگی هه‌شتی ئه‌مساڵه‌وه به‌رده‌وامی هه‌یه به‌به‌شداری هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی باكوری سوریا.
ئیبراهیم كالن ده‌ڵێت ئۆپراسیۆنه‌كه به‌وشێوه‌یه‌ی پلانی بۆ دانراوه به‌رده‌وامی هه‌یه‌و تائێستاش، لهجهرابلوسهوه تاوه‌كو عه‌زازو له‌باشوری عه‌زازه‌وه تا ناوچه‌ی باب له‌داعش پاككراونه‌ته‌وه.
وتیشی كه ئه‌و ناوچانه‌ی سوپای توركیا‌و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ئازادیانكردووه، روبه‌ری زیاتر لهههزارو 800 كیلۆمه‌تر دوجایه له‌باكوری سوریا.
به‌شێكی تری قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركیا، دژایه‌تی په‌كه‌كه بوو به‌تایبه‌ت له‌سنوری قه‌زای شه‌نگال له‌پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌سه‌رچاوه‌ی "نیگه‌رانی" وڵاته‌كه‌ی ناویبردو جارێكی‌تر جه‌ختیكرده‌وه "هه‌رگیز قبوڵ ناكه‌ین شه‌نگال بكرێته قه‌ندیلی دووه‌م".
شه‌ڕڤانانی ئێزیدی‌و گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه، رۆڵی سه‌ره‌كییان بینی له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش له‌چه‌ندین ناوچه‌ی كورستانی سنوری نه‌ینه‌وا به‌تایبه‌ت شه‌نگال، له‌ئێستاشدا به‌شێك له‌و هێزانه‌ی ئه‌وان راهێنانیان پێكردوون به‌ناوی یه‌به‌شه له‌و ناوچه‌یه جێگیربوون.
XANDAN-
