خەڵكی باشیك داوا دەكەن چی دیكە سەر بە مووسڵ نەبن و شارەدێیەكەیان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان
باشیك شارۆچكەیەكی زۆرینە كوردنشینە و لەلایەن هێزەكانی پێشـمەرگەوە كۆنترۆڵكرایەوە. بەرێوەبەری ناحیەی باشیك رایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاتێك سەردانی ناوچەكەی كرد دڵنیایی بە ئێمەدا كە جارێكی دیكە كەس ناتوانێت دەستی خۆ بگەینێتە سنوورەكەمان، هەروەها پاش ڕزگاركردنی باشیك و خاوێن كردنەوەی هەندێك ناوچە لەو شارۆچكەیە بەڕێوەبەرەكان دەستیان بە دەوام كردووە و رۆژانە كاری خۆیان دەكەن.
فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، دەڵێ: لە شارۆچكەی باشیك و دەوروبەری رۆژانە تیمەكانی ئەندازەیی سەرقاڵی پاككردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانن لە مین و تەقەمەنییەكانی داعش، كە تا ئێستا زیاتر لە 800 بۆمبیان لەناو بردووەنە.
زەنوون یوونس، بەرێوەبەری ناحیەی باشیك، بۆ "هەولێر" گوتی: پشتی دوو ساڵ و چوار مانگ لە داگیر كردنی لەلایەن داعش دواجار باشیك و دەوروبەری لەلایەن هێزی پێشمەرگە ئازاد كران، ئێستا دوای خاوێن كردنەوەی هەندێك ناوچە، بەڕێوەبەرەكان دەستیان بە دەوام كردووتەوە و رۆژانە كاری خۆیان دەكەن.
گوتیشی: ئێمە پشت ئەستوورین بە هێزەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە و سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاتێك سەردانی ناوچەكەی كرد دڵنیایی بە ئێمەدا كە جارێكی دیكە كەس ناتوانێت دەستی خۆ بگەینێتە سنوورەكەمان.
بەرێوەبەری ناحیەی باشیك، ئەوەشی گوت: داعش رووبەرێكی زۆری ناوچەكەی بە بۆمب چاندووە، ئێستا تیمەكانی هەندەسە لەگەڵ ڕێكخراوی مین و ڕێكخراوێكی بیانی خەریكی خاوێن كردنەوەی ناوچەكەن، كە تا ئێستا ڕووبەرێكی زۆریان خاوێن كردووەتەوە، هەر كاتێك باشیك تەواو خاوێن كرایەوە و هیچ مەترسیەك لەسەر گیانی هاووڵاتیان نەما، هاووڵاتیانی ناوچەكە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێستایش خەڵكێكی زۆر داوا دەكەن بگەڕێنەوە، بەڵام نامانەوێت ژیانی ئەوان بكەوێتە مەترسی، بۆیە تا باشیك و دەوروبەری تەواو خاوێن نەكرێتەوە، لێ ناگەڕێین خەڵك بگەڕێتەوە ناوچەكە.
زەنوون یوونس، بەرێوەبەری ناحیەی باشیك، زیاتر دەڵێ: پێش هاتنی داعش باشیك سەر بە مووسڵ بوو، بەڵام ئێستا خەڵكەكەی داوا دەكەن چی دیكە سەر بە مووسڵ نەبن و شارەدێیەكەیان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە دەزانن ئەگەر سەر بە هەرێم بن، مافیان پارێزراو دەبێت و هەموو پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆیان دابین دەكرێت.
لیوا مەحموود كاكەیی، فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، بە "هەولێر"ـی رایگەیاند، لە باشیك داعش بۆمبێكی زۆری داناوە، هەر لەبەر ئەوەیش كاتی دەوێت تا باشیك لە بۆمبە چێندراوەكانی داعش پاك دەكرێتەوە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ڕێكخراوی هەڵگرتنی مین كردووە، ئێستا چەند تیمێك لەناو باشیك خەریكی هەڵگرتنەوەی بۆمب و پاشماوەی داعشن، كە شەقامە سەرەكییەكان و كۆلانەكان پاككراونەتەوە، تەنیا دەوروبەری باشیك ماوە، بەتایبەتی لە بن چیاكە كە بە درێژای شارەكە بۆمبیان داناوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، لە باشیك و دەوروبەری 800 بۆمب لەناو براون، هەروەها لەو كاتەی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵ دەستی پێ كردووە تا ئەمڕۆ هەزار و 800 بۆمب و پاشماوەی داعشمان لەناو بردوونەە، لە فلفێل بگرە تا چیای زەردك، ئەگەر بڵێین 60% باشیك خاوێن كراوەتەوە، 40%ـی ماوە.
شایانی باسە، باشیك شارۆچكەیەكی زۆرینە كوردنشینە و لەلایەن هێزەكانی پێشـمەرگەوە كۆنترۆڵكرایەوە، پێش هاتنی داعش ژمارەی دانیشتووانی باشیك 140 هەزار كەس بوون، 47 گوندیش سەر بەو شارۆچكەیەن".
HAWLER-
