بەیاننامەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە بارەی لێدوانێکی سروە عەبدولواحید

بەیاننامەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە بارەی لێدوانێکی سروە عەبدولواحید

لە کاتێکدا کە گەل و نیشتیمانمان لە بارودۆخێکی سەختدایە بە ھۆی برینی بودجەو موچەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا، سەرقاڵ بونی ھەموو لایەک بە تایبەت ئەوانەی لە خەمی چارەنوسی ئەم گەلەن بە پرسە چارەنوسسازەکان و پرسی سەربەخۆیی و بەرەنگاربونەوەی قەیرانی دارایی و مەترسی تیرۆریستان، بزوتنەوەی گۆران لە سەرەتای ئەم ھەلومەرجەوە ھەڵوێستێکی روونی نەبوە، بەڵکو ھەندێک جاریش لە رێگەی ئۆرگانەکانی و ھەڵسوراوانی ھەڵوێستی دوور لە ھەستی نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتی و زیاتر لەوەش بێرێزیکردن بە سیمبولە نەتەوەییەکانمان دەنوێنرێت.
لەم رۆژانەشدا ھەڵسوراوێکی دیاری بزوتنەوی گۆران بە ناوی( سروە عەبدولواحید) کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆران، کە لە زۆربەی دیدارە میدیاییەکانی ھەڵوێستی دژی کورد و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستانی نواندووەو لە دواین دیداریشیدا لە کەناڵێکی راگەیاندن بێرێزیەکی بێسنوری کردووە بە پێشمەرگە و قوربانیدانی پێشمەرگە و شەھید و خیزانی شەھیدانی کوردستان ، بە ئاستێک کە ھەموو سنورەکانی مۆراڵی تێپەراندووە، لە کاتێکدا کە ناوبراو یەکێکە لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و ئەرکی سەرشانیەتی داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و ھاونێشتیمانیانی کوردستان لە نێویشیاندا ئافرەتانی کوردستان بکات، بە پێچەوانەوە دژ بە بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەو ھاوھەڵوێستی شۆڤێنیەکانە و لە ھەمووشی ترسناکتر لەو دیدارەیدا ھێرش بۆ سەر توێژێک دەکات کە لە ھەرە توێژە قوربانیدەرەکانن ، کە خێزانی شەھیدانن.
ھەرگیز لێدوانی لەم جۆرە و ھەڵوێستی لەم شێوەیە نامۆ نییە بە ناوبراو ئەویش بە گوێرەی باگراواندە کەسیەکەی، کە پرە لە نیشانەی پرسیار، بە داخەوەین لەوەی کە ئافرەتێکی لەم شێوەیەی مایەپوچ لە ھەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەتاڵ لە گیانی مرۆڤایەتی و ھاوسۆزی، نزمتر لە ئاست و شکۆی ئافرەتی کوردستان ھێرش دەکاتە سەر ئەو ئافرەتانەی کە نمونەی بەرزی قورابانیدانن و ئێمە بە پێشەنگی خۆمان لێیان دەروانین .
ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم ھەڵوێستەی سروە عەبدولواحید و ھەر ھەڵوێستێکی دیکەی لەم جۆرە دەکەین و بە ناوی سەرجەم ئافرەتانی کوردستان رێزی بێ سنورمان لە ھەمبەر گەورەیی خێزانی شەھیدان و دەنوێنین و سەرمان نەوی دەکەین لە ئاست پیرۆزی و قوربانیدانیان، لە ھەمان کاتدا داواکارین لە بزوتنەوەی گۆران کە ھەتا زووە جڵەوی خۆی و ھەندێک لە ھەڵسوراوە نابەرپرسەکانی بگرێت وە بۆ ئەوەی بە گیانێکی بەرپرسانە ھەڵوێستەکانیان دەرببرن خولی بەرز کردنەوەی رەوشت و چۆنیەتی مامەڵە کردن و دەربرینی بیرورا بۆ ئەم جۆرە لە ھەڵسوراوانی بکاتەوە لە کاتێکدا کە ھەڵەی ئەم ھەڵسوراوەیان گەورەترە لەھەر سازشێک .
ھەروەھا داواکارین ئەم لێدوانەی ناوبراو پەرچە کردارێکی فراوانی لێبکەوێتەوە و ھەموو پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی راگەیاندن ھەڵوێستی خۆیان دەرببرن و ئیدانەی ئەم کارە نەشیاوە بکەن بۆ ئەوەی سروە عەندولواحید و ئەوانەی بەو جۆرە بیر دەکەنەوە تێبگەن کە سوکایەتیکردن بە سیمبولی قورانیدانی نەتەوە چ جۆرە ھەڵەیەکە و چ جۆرە کاردانەوەیەک بە دوای خۆیدا دەھێنێت لە ھەمان کاتیشدا ئەو راستیە بزانن کە مێژوویەک ھەیە کە گەورەیی قوربانیدانی خێزانی شەھیدان تۆمار دەکات و ھەڵوێستی نادروستی کەسانی نابەرپرسیش دەکات .
درود بۆ رەوانی پاکی شەھیدانی کوردستان و سەربەرزی بۆ خانەوادەکانیان.
PAYAMNER-
Top