یه‌كێتى زانایانى ئیسلامى..به‌هیممه‌تی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستان شكست به‌ هه‌وڵه‌كانى داعش هێندرا

    یه‌كێتى زانایانى ئیسلامى..به‌هیممه‌تی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستان شكست به‌ هه‌وڵه‌كانى داعش هێندرا
به‌بۆنه‌ی یادی له‌ دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، یه‌كێتى زانایانی ئیسلامى له‌ كوردستان، ڕاگه‌یه‌ندراوێك بڵا ده‌كاته‌وه‌ و داوا ده‌كات، ئه‌و یاده‌ بكرێته‌ هلێك بۆ گێڕانه‌وه‌ى گیانی برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زه‌به‌ جیاوازه‌كانی كوردستان.



له‌باره‌ى شه‌ڕى داعشیشه‌وه‌، ده‌نووسێت :" به‌ هه‌وڵ و هیممه‌تی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان شكست به‌ هه‌وڵه‌كانى داعش هێندرا، ئه‌وه‌ی ماوه‌ كوردستان به‌ ده‌سه‌ڵات و حزب و خه‌ڵكه‌وه‌ زیاتر كار بۆ قۆناغی دوای شه‌ڕه‌كه‌ بكه‌ین".



ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

ۆمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَه‌ً لِلْعَاڵمِینَ

موسڵمانانی ئازیز.... هاونیشتیمانیانی به‌ڕێز

به‌بۆنه‌ی یادی له‌ دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان دروودی خوای له‌سه‌ر بێت پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌م یاده‌ ببێته‌ مایه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ره‌وشتی جوان و به‌رزی رێبازی سه‌ردارو سه‌روه‌رمان، كه‌ گیانی برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیانی له‌ نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و ئاین و مه‌زه‌به‌ جیاوازه‌كانی كوردستان قوڵكردبووه‌وه‌.



به‌ڕێزان: ئه‌مساڵ كه‌ یادی مه‌ولودی فه‌خری كائینات ده‌كه‌ینه‌وه‌، گه‌لانی موسڵمان له‌ ناوچه‌كه‌مان و خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی به‌ دۆخێكی ناخۆش و پڕ ئازاری ئه‌منی و ئابووری تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام دڵنیاین ئه‌م رووداوانه‌ بۆ خه‌ڵكی ئاقڵمه‌ند ده‌رفه‌تێكی زێڕینن بۆ ئه‌وه‌ی به‌خۆدا بچینه‌وه‌و هه‌وڵبده‌ین بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌خلاقی به‌رزی پێغه‌مبه‌رانه‌ له‌ چه‌سپاندنی عه‌داله‌ت و ده‌ستپاكی و برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و راستگۆیی، به‌تایبه‌تی دوای ئاوابوونی خۆری ئه‌و تیرۆریستانه‌ی ده‌یانه‌ویست به‌ شێواندنی چرای گه‌شی ئیسلام گیانی كوشتن و وێرانكردن بڵاوبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا به‌ هه‌وڵ و هیممه‌تی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان شكست به‌و هه‌وڵانه‌ هێندرا، ئه‌وه‌ی ماوه‌ كوردستان به‌ ده‌سه‌ڵات و حزب و خه‌ڵكه‌وه‌ زیاتر كار بۆ قۆناغی دوای شه‌ڕه‌كه‌ بكه‌ین و، هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی و برایه‌تی له‌ ناخی تاكی كورد، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌مان له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئارامی زیاتر بكه‌ین.

دووباره‌ ئه‌م یاده‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت.

یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان

10/ره‌بیعول ئه‌وه‌ل/1438

9/12/2016
BAS NEWS -
Top