پەرلەمانتارێکی یەکێتی: شەرمە سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان بە ژنە شەهید بڵێت لەشفرۆش

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی: شەرمە سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان بە ژنە شەهید بڵێت لەشفرۆش
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕەخنە لە قسەکانی پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەگرێت و دەڵێت: "ناکرێت لەژێر هیچ بیانوویەکدا، سووکایەتی بە پێشمەرگە بکرێت" و ئاماژەی بەوەکرد کە شەرمە پەرلەمانتارێک ئەو قسەیە بکات.

پاش ئەوەی لە میانی بەرنامەی (بە راشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، سروە عەبدولواحیدی ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تۆمەتی “خۆ فرۆشتن”ی خستە پاڵ هاوسەری شەهیدانی پێشمەرگە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8\12\2016، قادر ئوتمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە لێژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “با سروە عەبدولواحید بیسەلمێنێت کە ژنی پێشمەرگە لەشفرۆشی دەکات، ئەوەی بەکاری هێناوە وشەیەکی بەدڕەوشتییە و شەرمە لەسەر تەلەفزیۆن بەکار بهێنرێت، ڕاستە باری گوزەرانی خەڵک خراپە، بەشێکی زۆری خەڵک بژێوییان خراپە، بەڵام ئەمە ناکرێت بکرێتە بیانوو بۆ بەکارهێنانی وشەی بەدرەوشتییانە بەرانبەر بەپێشمەرگە”. گوتیشی: “ئەوەشی بەکاری بهێنێت، دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە”.

ئەو ئەندامەی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان “بەدواداچوون” دەکەن، چونکە: “ئەم قسەیە ئەگەر گشتاندن بێت، دەبێت کەسوکاری پێشمەرگە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دووپاتی کردەوە: “دەبێت ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگە بە پیرۆزی بهێڵدرێتەوە، بەچاوی ڕێزەوە تەماشای پێشمەرگە بکرێت، ناکرێت تۆمەتبار بکرێن بە کاری بەد ڕەوشتی، چونکە ئەوە تاوانە و ناوزراندنە”.













باسنیوز
Top