پارێزگای هه‌ولێر: یونیسكۆ له نزیكه‌وه ئاگاداری پڕۆسەی نۆژه‌نكردنه‌وه و بووژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵایه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 8/12/2016 پارێزگای هه‌ولێر، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: "پرسی تۆماركردنی قه‌ڵای هه‌ولێر، له لیستی كه‌له‌پوری جیهانی له‌لایه‌ن رێكخراوی یونیسكۆوه، پرسێكی گرنگ و جێگه‌ی بایه‌خه، ماوه‌ی چه‌ند ساڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پارێزگای هه‌ولێر و كۆمیسیۆنی بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر، كاریان له‌سه‌ر كردووه و پێویستی به ڕێكار و كار‌و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی كارگێڕی و فه‌رهه‌نگی و دیۆمێنتكاری و شوێنه‌وار ناسی هه‌بووه و خۆشبه‌ختانه، وه‌كو ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ و بۆ یه‌كه‌مینجار شوێنه‌وارێكی كوردستانی به هه‌وڵی خۆمانه بخرێته ئه‌و تۆمار‌و لیسته جیهانییه كه ناوبانگێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهان و مایه‌ی شانازیه".
هه‌ر له‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌دا، پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: "ڕێكخراوی یونیسكۆ له نزیكه‌وه ئاگاداری پڕۆسەی نۆژه‌نكردنه‌وه و سه‌رله‌نوێ ڕاهێنانه‌وه و بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵا و ده‌وروبه‌ری قه‌ڵایه، كه به فه‌رزۆن ناسراوه و ڕێنمایی نه‌خشه‌ڕێگای تایبه‌تی و قۆناخ به‌قۆناخی بۆ دانراوه، كه به‌رده‌وام كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و كاری ساڵێك و دوان نییه، ئه‌گه‌ر هه‌ر گرفتێكی دارایی و قه‌یرانێك هاته پێشه‌وه وه‌ك ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، كه بگوترێ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنی قه‌ڵای هه‌ولێر بێته ئاراوه، چونكه ئه‌وانیش د‌رك به‌و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ده‌زانن بۆ شه‌ڕی دژی داعش و حه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌دان هه‌زار ئاواره‌و په‌نابه‌رانه و كه‌می بودجه‌و داهات چ بارگرانییه‌ك له ئه‌ستۆدایه".
هه‌روه‌ها پارێزگای هه‌وڵێر، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه: "ڕاسته كاریگه‌ری قه‌یرانی دارایی زۆر نه‌رێنی و خراپه له‌سه‌ر پڕۆسیسی بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر، ئێمه‌ش وه‌كو پارێزگا كه لایه‌نی كه‌م په‌یوه‌نداری سه‌ره‌كین بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی ئه‌و پڕۆسیسه، هه‌ستمان به هاتنه پێشه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه كردووه‌و نوسراو و یاداشتمان داوه‌ته سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌نا به‌خوا هه‌وڵه‌كانمان سه‌ركه‌وتوو ده‌بن بۆ دابین كردنی پشتیوانی دارایی و بودجه‌ی پێویست بۆ به‌رده‌وامیدان به پڕۆسیسی بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵا و به‌رێوه‌چوونی كار‌و به‌رنامه‌كانی".
باس‌نیوز
