پەیامێك لە سەرۆكی كوردستان بۆ ڕای گشتی لەبارەی پشكی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق

پەیامێك لە سەرۆكی كوردستان بۆ ڕای گشتی لەبارەی پشكی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەبارەی ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ پێشمەرگە جێگیر كراوە بە خەڵكی كوردستان ڕادەگەیێنم كە بڕگە پەسەندكراوەكە ڕوون نییە و لاستیكیە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بواری یاریپێكردنی تێدا هەیە.

بابەتی دروستكردنی گرفت بۆ بودجەی پێشمەرگە و هەرێم شتێكی تازە نییە و هەر لە ساڵی 2005ـەوە بە شێوەی جۆراوجۆر حكوومەتی عێراقی پابەندبوونە داراییەكانی لە بەرانبەر پێشمەرگە و هەرێم جێبەجێ نەكردووە و گرفتی بۆ ناوەتەوە. بە تایبەتی ئەو عەقلییەتەی سیاسەتی بڕینی بودجەی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستانی پەیڕەو كردووە و ئەوانەی ڕاوێژی نانبڕینی گەلی كوردستانیان داوە هەرگیز ئامادەیش نابن كێشەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكەن.

سەبارەت بە هەوڵ و بۆچوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی بابەتی بودجەی هەرێم و پێشمەرگە لە بودجەی گشتیی عێراق بە پێویستی دەزانم كە پارلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كۆببنەوە و بە وردی دیراسەی ئەم بابەتە بكەن و ئەگەر یاسای بودجە و بڕگە پەسەندكراوەكان لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا بێت و ببێتە هۆی داهاتی زیاتر ئەوە لەسەری ڕێك بكەون. ئەگەریش ببێتە هۆی زیان بۆ هەرێمی كوردستان با بۆ خەڵكی كوردستان هەموو ڕاستییەكان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهات ڕوون ببێتەوە.

مسعود بارزانی

8ـی 12ـی 2016

Top