پەرلەمانتارێک: گومان دەکەین چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا کڕدرابن
ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، بەدەنگی بەرز لەناو هۆڵی پەرلەمان، پشتیوانی لە حەشدی شەعبی کرد، دەیگوت حەشد فیداکارن، قارەمانن، ئێمەش نیگەرانین لە ناخی خۆمان، دەپرسین ئەی بۆ باسی قارەمانیی پێشمەرگە ناکەیت؟ کە بەبێ مووچە لە سەنگەری بەرگریدان؟”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “گرووپێک لەناو پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکاتیی ئاڵا تاڵەبانی، دەیانەوێت پێداویستی بۆ حەشدی شەعبی بەدەست بهێنن، پشتیش لە داواکاریی پێشمەرگە بکەن، لەهەمان کاتدا لە دوا کۆبوونەوەی پەرلەمان بەشانازییەوە دەیگووت، توانیم ئەو خاڵە جێبەجێ بکەم کە بەردەوام ڕۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و کوردستانەوە بدرێتە کۆمیانپای (سۆمۆ)، بۆیە گومانمان لە ئاڵا خان هەیە لەسەر پێداگریی لەو بابەتە، بۆیە داوا لە حزبەکان دەکەین کە ئاگاداری نوێنەرەکانیان بن، چونکە ئەوەی دەیکەن بە خیانەت لەقەم دەدرێت".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەدوای ئەندامەکانیانەوە بووە و پێداگری لەوە کردووە کە هەر دەبێت دەنگ لەسەر ئەو خاڵە بدەن کە ڕۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە کوردستانەوە بدرێتە سۆمۆ.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەی نەشاردەوە: “گومان دەکرێت هەندێک پەرلەمانتار کڕدرابن، ئیتر کڕین خۆ مەرج نییە کڕینی ماددی بێت، کڕینی سیاسیش هەیە".
باسنیوز
