حکومەتی هەرێم وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

حکومەتی هەرێم وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وەڵامی لێدوانێکی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە بە رێگاگرتن لە هاووڵاتیانی ناوچەی شنگال لە هێنان و بردنی کەلوپەل.

رۆژی 4/12/2016 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە رێگاگرتن لە هاووڵاتیانی ناوچەی شنگال بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان و درووستکردنی ئاستەەنگ بۆیان لە بازگەکان.

لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: زۆر جار لایەنە نێودەوڵەتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوانبار دەکەن بەوە کە رێگری لە هاتووچۆی هاووڵاتیانی سڤیلی ناوچە ئازادکراوەکان دەکات، بەڵام لە راستیدا بە هۆی بەردەوامی شەڕی داعش و مەترسی ئەمنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەندێک ڕێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتەبەر بەتایبەت لە هەندێ ناوچەى دیاریکراو کە زووترین مەترسی دزەکردنی تیرۆریستانی لەسەرە، ئەم ڕێوشوێنانەش زیاتر بۆ هاووڵاتییانە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ ناو کوردستان و ئەو میکانیزمەش یەکسانە و بەبێ جیاوازی بۆ هاووڵاتیانی ناوچەکە.

زێباری لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: دامودەزگا حکومییەکانی ناوچەکە مامەڵەیەکی بەبێ جیاوازی لەگەڵ هاووڵاتیانی ناوچەی شنگال کردووە سەرەڕای کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوی ناوچەکە لەرووی سەربازییەوە.

سەبارەت بە رێوشوێنەکانی بازگەی سحێلا كه رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ له راپۆرتێکی خویدا بڵاوکردەوە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دووپات دەكات ئەو ماددانەی کە رێگایان پێنادرێت ببردرێنە ناوچەکە ئەوانەن کە دەتوانرێت بۆ مەبەستی درووستکردنی تەقەمەنی بەکاربهێنرێت وەک یۆریا و کیمیا، بەلام ماددەی بیناکاری وەکو چیمەنتۆ و شیش و مەڕ و ماڵات رێگایان پێدەدرێت ببردرێن بۆ ناوچەکە بەپێی پێویستی خەڵکی ناوچەکە.

سەبارەت بە هێنان و بردنی کەلوپەلی ناوماڵیان زێباری وتی: هەموو خەڵکی ناوچەکە و رێکخراوە خێرخوازی و مرۆییەکان و دامودەزگاکانی حکومەت بۆیان هەیە بە ئازادی هاتوچۆ بکەن بێ ئەوەی ئاستەنگیان بۆ درووست بکرێت، بەڵام بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی نێوماڵیان پێویستیان بە رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەتایبەتی بەشی کاروباری ناوخۆ لە پارێزگای دهۆک، لایەنە ئەمنییەکان رێگا لە بردنە دەرەوەی کەلوپەلی ماڵ دەکەن، بۆ رێگاگرتن لە دزی و تاڵان کردنی ماڵی هاووڵاتیان، چونکە ئەم حاڵەتانه زۆر جار روویانداوە لە ناوچەکە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی کردەوە کە بەشێوەیەکی گشتی هاوکاری بۆ هاووڵاتییانى ناوچەکە کراوە لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوچەکەوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان گرفتیان هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی هاووڵاتیانی ناوچەکە بە گشتی، چونکە بەشیكیان بەپێی رێنماییەکانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ مامەڵە ناکەن و سەرپێچی یاسا و رێنماییەکان دەکەن.

لەم دواییەدا لێژنەیەکی تایبەت لە سەر ئاستی قایمەقامیەتی شنگار و پارێزگای دهۆک پێکهێنراوە بۆ مەبەستی پێداچوونەوەى ڕیوشوینەکان بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی نێوماڵ و ئەو ماددانەی کە بۆ مەبەستی بیناسازی بە کاردێن بۆ ئەوەى کارئاسانی زیاتر پیشکەش بە هاووڵاتیانى ناوچەکە بکرێت.
payamner-
Top