وەزیری خوێندنی باڵا: سێنتەرەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی پێویستیان بە پێداچوونەوە ھەیە
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان سێنتەری زۆر بەناوی ناوەندە گرنگە ئەکادیمی و زمانەوانییەکانی بەریتانیا کراوەنەتەوە، بەڵام لە ڕووی کواڵیتیەوە وەک پێویست نین.
ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی دیدارێکی نێوان لەگەڵ (جۆرج شارپ) کونسڵی کۆنسڵگەری گشتی بەریتانیا لە کوردستان و، (دەیڤید پاردۆ) بەڕێوەبەری سێنتەری ڕۆشنبیری بەریتانی لە ئێراق ھات.
لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونی د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی (٧/١٢/٢٠١٦) بەڕێوەچو، پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێکرا.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرھێنانی کونسڵی بەریتانیاو وەفدی ھاوڕێی کرد و وتی: خۆشحاڵم کە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامان پێکەوە ھەیە، ھیواداریشم پەیوەندییەکانمان بەرەو ئاستی فراوانتر ببەین. ھەر لە میانەی وتەکانیدا وەزیر خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان سێنتەری زۆر بەناوی فێربونی زمانی ئینگلیزی ھەیە، زۆرێک لەو سێنتەرانە بەناوی ناوەندە گرنگە ئەکادیمی و زمانەوانییەکانی بەریتانیا کراوەتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بەو ناوەند و سێنتەری زمانەوانیانەوە نیە، بۆیە کواڵیتیان لە ئاستی پێویست نیە، بۆ ئەوەش پێشنیازی دۆزینەوەی میکانزمێکی کرد تا لە ڕێگەیەوە ئەو سێنتەرانەی زمان ڕێک بخەنەوە، ئەوەشی ڕاگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارەش پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ دوپاتکردنەوە.
ھەر لەو دیدارەدا وەفدەکەی کونسڵی گشتی بەریتانیا باسیان لە چۆنێتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان و ھەماھەنگیەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان کرد بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە فێربونی زمانی ئینگلیزی و تاقیکردنەوەی ئایەڵتس و، دابینکردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی ئاوارەی سوریا لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەپاڵشتی دارایی یەکێتیی ئەوروپا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا کونسڵی گشتی بەریتانیا بانگھیشتنامەی ڕەسمی پێشکەشی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ساڵانەی خوێندنی باڵا، کە بڕیار وایە لەسەرەتایی مانگی یەکی ساڵی داھاتو لە لەندەن بەڕێوەبچێت.
payamner-
