سەرکردەیەکی پارتی: پێشوەختە گفتوگۆ و کۆبوونەوەی مالیکی و یەکێتی و گۆڕان هەبووە

 سەرکردەیەکی پارتی: پێشوەختە گفتوگۆ و کۆبوونەوەی مالیکی و یەکێتی و گۆڕان هەبووە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، نیگەرانن لەو گفتوگۆینەی لەنێوان یەکێتی و گۆڕان و نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسادا هەبووە و بە هەوڵێک بۆ بێبەشکردنی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق لەقەڵەمی دا.

د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەو کاتەی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیران بوو، پارەی هەبوو، هێزی هەبوو، حکوومەتی بەدەست بوو، ئەم حزبانەشی لەگەڵ بوو، بەڵام بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان هیچی پێ نەکرا، بۆیە ئەم پیلانەشیان پووچەڵ دەبێتەوە، ئەوەشی کراوە هەڵە بووە، راست ئەوەیە ئەو ڕێککەوتنەکەی لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، ئەگەر بڕگە و ماددەکانی جێبەجێ بکرێت، دەبێت بەغدا پابەندبێت بە ناردنی بودجە، لە دەرەوەی ئەوە، هیچ نیەتێک نییە بیەوێت پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوەشی کراوە لە دژی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە”.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کرد: "پێشوەختە، ئەوان بڕیاریان داوە بودجەی پێشمەرگە بخرێتە ناو پڕۆژەکە، بەڵام لە دواتردا گۆڕان و یەکێتی پەشیمان بوونەوە، ئەگەر ئەوان بیانەوێت پێشمەرگە نەمێنێت، قابیلی قەبول نییە، ڕێگاش نادەین بەناوی سوپای عێراقەوە جارێکی دیکە ناوچە کوردستانییەکان بکەونەوە ژر هەڕەشە، بەڵام ماوەیەک چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و گۆڕان لە بەغدا خەریکی بەرنامەڕێژی بۆ ئەم کارە بوون و کۆبوونەوەش لەگەڵ مالیکی بۆ ئەم بابەتە کراوە”.














باسنیوز
Top