پەرلەمانتارێک: لەلایەن گۆڕانەوە هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی هێزی چەکداری هەیە

پەرلەمانتارێک: لەلایەن گۆڕانەوە هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی هێزی چەکداری هەیە
پەرلەمانتارێک ئاماژە بەوە دەکات کە هەر جووڵانەوەیەک لە دەرەوەی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان هەبێت، دەبێت حکوومەت قەبوڵی نەکات و دەڵێت: “لەوە دەچێت جۆری داواکارییەکان گۆڕنکاری بەسەردا بێت و ئاراستەی مەترسیدار وەربگرێت".



دوای ئەوەی هەڵسووڕاوێکی دیاری گۆڕان ئاشکرای کرد کە شەوی ڕابردوو، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە و بەڵێنی دەست پێ کردنی خەباتی چەکدارییان داوە، نازم هەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ئەوەی کراوە، جۆرێکە لە جموجوڵی چەکداری لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە”. ڕوونیشی کردەوە: “ئەمە زۆر نایاساییە و دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن و ڕێگری لەو جۆرە کردەوانە بکرێت، چونکە ئەمە دانپێدانەنانی دامەزراوە ئەمنییەکانی کوردستانە و هیچ پەیوەندی بە قەیرانی سیاسی و دارایی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ئەوەی کراوە، ئەجێندای دەرەکییە و دەیانەوێت وەک قۆناغی یەکەم، شەرعیەت بدەنە هێزی چەکداری".



ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: "ئاگادارین هەموو ڕێگایەک دەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی دۆخی شاری سلێمانی تێک بدرێت و ئەجێندای دەرەکی بهێنرێتە کوردستان. ئەوەتا ئێستا پەنا بۆ هۆکاری ئەمنی بردراوە، بۆیە دەبێت حکوومەت خۆی بۆ ئەگەری تێکدانی دۆخی سلێمانی ئامادە بکات”.









باسنیوز
Top