سوپاسالاری پێشمەرگە: دەبێت پەكەكە لە شنگال بكشێتەوە

  سوپاسالاری پێشمەرگە: دەبێت پەكەكە لە شنگال بكشێتەوە
سوپا سالاری پێشمەرگە رایگەیاند، پەكەكە دەبێت شنگال چۆڵ بكات، چونكە ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی كوردستانیە و سەر بە هەرێمی كوردستانە، بۆیە پەكەكە مافی مانەوەی تیایدا نییە.


فەریق جەمال ئیمینكی، سوپا سالاری پێشمەرگە، بۆ "هەولێر" گوتی: پەكەكە لە كاتێكدا هات بۆ شنگال كە داعش هات بۆ ناوچەكە، ئەوان بۆ ئەوە هاتبوون كە هاوكاری خەڵكی ناوچەكە بكەن، بەڵام هاتنی ئەوان بۆ ئەوە بوو كە پێشمەرگە لەبەر چاوی خەڵكی ناوچەكە سووك بكەن و بڵێن ئەوان خیانەتیان لە ئێوە كردووە، كە هەموو مەبەستیان ئەوە بوو كە لە ناوچەكە بمێنەوە.


گوتیشی: چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی شنگال هەر لە یەكەم رۆژەوە تا توانیان شارەكە ئازاد بكەن، بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی بووە، كە لەو شەڕەدا هێزی پێشمەرگە نزیكەی 500 شەهیدی دا، بۆیە نە پەكەكە و، نە هێزێكی دیكە ناتوانن لە ناوچەكە بمێنەوە، چونكە ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی كوردستانیە و سەر بە هەرێمی كوردستانە، بۆیە مەحاڵە چ ئێمە، چ خەڵكی ناوچەكە بهێڵین پەكەكە لەناوچەكە بمێنێتەوە و خۆ بكاتە خاوەنی شنگال و ناوچەكانی دیكە، بۆیە داوا لە پەكەكە دەكەین چۆن هێزی پێشمەرگە چووە كۆبانێ و هاوكاری ئەوانی كرد و شارەكەیان ئازاد كرد، كە لە كاتێكی زۆر ناخۆشدا چوون، كە ئێمە پێویستمان بەو هێزە هەبوو و لە شەڕدا بووین، نابێت ئێمە بڵێین شەهیدمان لە كۆبانێ داوە و نابێت ناوچەكە چۆڵ بكەین، بۆیە چۆن هێزی پێشمەرگە پاش جێبەجێ كردنی ئەركی خۆی گەڕایەوە، ئەوانیش بە هەمان شێوە بگەڕێنەوە ئەو ناوچەی كە لێوە هاتوونە.


سەبارەت بە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، سوپا سالاری پێشمەرگە، رایگەیاند، ئێستا بارودۆخی بەرەكانی پێشەوەی شەڕ زۆر باشە، ئەو شوێنانەی بۆ هێزی پێشمەرگە دیاری كرابوون هەموو ئازاد كران، ئێستایش شەڕ لە ناو مووسڵدایە، بۆ مووسڵیش هێزی پێشمەرگە بەشدار نیە و، تەنیا هێزە عێراقیەكان بەشدارن، ئەوانیش بە پێی ئەو پلانەی بۆیان دانراوە باش چوونەتە پێشەوە، بەڵام شاری مووسڵ شارێكی گەورەیە و ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە لەژێر كۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعشدایە، خەڵكی سڤیلیش لەناو مووسڵ هەن، ئەوەیش هەموو وا دەكەن كە هێزە عێراقییەكان نەتوانن بە خێرایی بچنە پێشەوە.


سەبارەت بە ئازادنەكردنی هەندێك كۆمەڵگە و گوند لە سنووری شنگال و ناوچەكانی دیكە، فەریق جەمال ئیمینكی، گوتی: هێزی پێشمەرگە لەسەر فەرمانی سەرۆكی هەرێم ماوە، هەر كاتێك فەرمان بكات هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە ڕزگار دەكەن".
HAWLER-
Top