بەغدا بە ناردنی بەشە بوودجەی كوردستان پابەند نابێت
رێناس جانۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "هەولێر" گوتی: دیارە هەر لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ كێشەمان لەگەڵ یاسای بوودجە نەبووە، بەڵكو كێشەی ئێمە لەگەڵ جێبەجێ كردن و دانی بوودجە و مووچەی هەرێم بووە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، ئێستایش كە بوودجەی 2017 پەسەند كراوە، هیچ شتێكی نوێی تێدانیە و هەر وەك ساڵانی رابردووە، بەڵام راگەیاندنەكانی ئەو لایەنانە دەڵێن، ئێمە 17% پشكی هەرێم لە بوودجەدا جێگیر كردووە، ساڵانی رابردوویش هەر بە هەمان شێوە بوودجە پەسەند دەكرا، بەس حكوومەتی عێراق پشكی هەرێمی ڕەوانە نەدەكرد، بۆیە كێشەمان جێبەجێ كردنی ئەو 17%ـەیە، نەك پەسەند كردنی بوودجە.
گوتیشی: مەبەستی سەرەكی ئەو سێ لایەنە و لایەنەكانی دیكە بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە نوری مالیكی نە، لە بوودجەی 2017 ئەوەیە كاتێك ئەو بوودجەیە دەچێتە بەردەم حەیدەر عەبادی و جێبەجێ نەكات، ئەوانیش فشار بخەنە سەر و بانگهێشتی پەرلەمان بكەن، بۆیە مالیكی كاردەكات بۆ ئەوەی عەبادی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێ و لەوێ متمانە لێ وەربگرنەوە، ئینجا زەمینەی گەڕانەوەی خۆی بە تەواوی خۆش دەكات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێتەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، كە هەموو مەبەستی نوری مالیكی و ئەوانەی لە پشتن ئەوەیە، ئەگەرنا حكوومەتی عێراق پێوەی پابەند نابێت و ئەو ماددانەی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەكەدا پەسندكراون، هیچیان كرداری نین، بۆیە بەغدا پێوە پابەند نابێت.
سەبارەت بە پرۆژەی سێ لایەنە، كە وازیان لە بوودجەی پێشمەرگە هێناوە و مووچەی 100 هەزار پێشمەرگە جێگیر نەكرا، رێناس جانۆ، رایگەیاند، جارێ ئەو پرۆژەی ئەو سێ لایەنە پێشكەشیان كردبوو، پڕۆژەیەكی زۆر بێ سەروبەر بوو، لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2017 ی عێراق مووچەی پێشمەرگە لە هێزی وشكانی عێراق بۆ 12% كەمكرایەوە، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر لایەنە عێراقییەكان داوای 17%یان بۆ پێشمەرگە دەكرد، كە مووچەی 18 هەزار پێشمەرگە دەكات، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوای جێگیركردنی مووچەی 100 هەزار پێشمەرگەیان لە پڕۆژە یاسای بوودجەدا دەكرد، ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كشاینەوە، بەڵام هەرسێ فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ كە پێشتر دەیانگوت خەڵكیان لەپشتە، دەركەوت كەسیان لەپشت نەبوو، بۆیە وازیان لە مووچەی پێشمەرگە هێنا، ئەوان رێككەوتنی دیكەیان لەگەڵ لایەنەكان هەیە و بابەتی نەوتیان لە مووچەی پێشمەرگە پێ گرنگترە.
ئەوەشی دركاند، بە پێی ئەو بڕگەی لەناو بوودجەدا هاتووە بە هەماهەنگی لە نێوان هەر دوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری بڕیار بدرێت كە ژمارەی پێشمەرگە چەندە، ئەگەر دەنگ لەسەر بوودجە دراو پەسەند كرا، ئەو كات ئەگەر بزانین ژمارەی پێشمەرگە چەندە بێ سوودە، چونكە ناتوانین هیچ بڕگەیەكی دیكە زیاد بكەین و ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی زیادن لەناو بوودجەدا جێگیر بكەین، كەواتە ئەو ماددەیە جێبەجێ ناكرێت و ئەوان زیانێكی زۆریان لە هێزی پێشمەرگەدا.
سەبارەت بەوەی كە ئەو سێ لایەنە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بە ماوەیەكی كەم توانیومان دەستكەوتێكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنین، ئەو ئەندامەی كورد دەڵێ: ئەو دەستكەوتەی ئەوان ئەوەیە كە ئیرادەی حكوومەتی هەرێم خرایە دەستی حكوومەتی عێراق، نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ ڕەوانە بكەن و كەركوكیش بخرێتەوە سەر حكوومەتی عێراق.
شایانی باسە، پڕۆژە یاسای بوودجەی 2017 عێراق، بە 79 ترلیۆن و 11 ملیار و 421 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، نرخی یەك بەرمیل نەوت لە پرۆژە یاسای بوودجەی 2017 بە 42 دۆلار خەمڵێندراوە، بەپێی پڕۆژە یاسای بوودجەی 2017 دەبێت عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، لەو بڕەیە 250 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستان و 300 هەزار بەرمیلیش لە نەوتی كەركووك هەناردە دەكرێت".
HAWLER-
