پێشوازی لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەکەین و بە گرنگییەوە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڕوانین
رۆژی 25ی شوباتی 2016 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە سەبارەت بە پراکتیزە کردنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان و تیشكی خستۆتە سەر رەوشەكانی مافی مرۆڤ لە چەند وڵاتێك و رەخنە و تێبینی و سەرنجەكانی دەربڕیوە لەم بارەوە
سەبارەت بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش راپۆرتی ناوبراو تێبینییەكانی خۆی خستۆتە روو لە چەند روویەكەوە بەتایبەتی دوای هاتنی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە، هەروەها باس لە رەوشی پەنابەر و ئاوارەكان و ئازادی هاتوچۆیان، رەوشی ناوچە تازە ئازادكراوەكان، ئازادی میدیا، رێوشوێنەكانی دەستگیر كردن، گەندەڵی، سەروەری یاسا و چەند کەیسێکی دیکە دەکات.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روانگەی بڕوا بوونی بە پرەنسیپەكان مافی مرۆڤ و كار كردن لە پێناو چەسپاندنیدا، پێشوازی لەو راپۆرتانە دەكات دەربارەی هەرێمی كوردستان لە رێكخراوەكان و لایەنە نێودەوڵەتییەكانەوە دەردەچن بە هەند وەردەگرێت و گرنگیش بەو تێبینی و سەرنجانە دەدەین كە راپۆرتەكە لەسەر هەرێمی كوردستان باسی كردوون سەبارەت بە پێشڤەچوونی رەوشی مافی مرۆڤ و چۆنیەتی پاراستنی لەوانەش راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە گرنگی بە پاراستن و پابەندبوونی وڵاتان بە پرەنسیپەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ و چۆنیەتی پێش خستنی دەدات لە سەرتاسەری جیهان.
سەبارەت بە تێکدانی خانووی عەرەبە سوننەکان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و رێگا نەدان بە گەڕانەوەی عەرەبەکان بۆ سەر زێدی خۆیان زێباری وتی: هێزی پێشمەرگە تاکە هێزی فەرمی بەشێوەیەکی شەرعی و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە لە جەنگدایە دژی تیرۆریستان و بەرگری لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەمان کاتدا بە یارمەتی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جگە لە سنوورەکان سەقامگیری ناوخۆی کوردستانیش دەپارێزێت.
سەبارەت بە پارێزگای کەرکوک د. دیندار زێباری وتی : لە هەندێک راپۆرتەکان باس لە چەند گوندێکی دەڤەری کەرکوک کراوە گوایە بە بلدۆزەر تێکدراون بێ ئەوەی هیچ شەڕ و پێکدادانی تێدا رووبدات وەک گوندەکانی (گوبیبە، ادریس خزعل، ادریس خباز، بای حسن، مکتب خالد، هندیەی کۆن، هندیەی نوێ و چەند گوندێکی دیکە)، بەڵام بەپێی قسەی خودی خەڵکی ناوچەکە بەشی هەرەزۆری وێرانکاری خانووەکان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش و خۆحەشاردانی تیرۆریستیان داعش و بۆمبڕێژکردنی خانووەکانی لەلایەن داعش بووە و زیانێکی زۆریان بە گوندەکان گەیاندووە تەنانەت لەو خانووانەی کە داعش تەقاندویەتەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
بۆ نموونە گوبیبە لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن هەموویان (فدائی صدام) بوون دواتر پەیوەندییان بە (القاعدە)ـەوە کرد وئێستاش هاوکارییەکی زۆری داعش دەکەن و هەر لەو گوندەوە (٦٥) رۆکێتی کیمیاوییان هێنا بۆ ئەوەی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی بدەن. گوندی (بای حسن) سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی هاوسۆزی داعشن و هاوکارییان دەکەن، بەڵام خانووەکانیان تێکنەدراوە و چەند رێکخراوێک هاتن سەردانیان کرد هەرچەندە (٨) کەسی خۆکوژ خۆیان لەو گوندە حەشاردا بوو یەکێکیان ئەو تیرۆریست بوو کە تەقینەوەکەی (دبس) ی ئەنجامدا و لە دوای هێرشی داعش بەشێک لە خەڵکی گوندی (بای حسن) هاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەرێم و بەشێکی دیکەشیان خۆیان داعش بوون و ئێستا لە ریزەکانی داعشەوە شەڕ دەکەن.
له دوای كۆنتڕۆڵ كردنی ناوچهكانی باكووری شنگال لهلایهن داعشهوه عهرهبهكانی گهنجانی ئێزیدیان كوشتووه بهشێوهی كۆمهڵكوژی و رفاندویانن و چهندین تاوانی نا مرۆڤییان بهرامبهریان ئهنجام داوه. دوای ئازادكردنی چیای شنگال ههندێك له خانهواده عهرهبهكان مابونهوه لهم دێهاتانه سهرهڕای پهیوهندییان به داعشهوه، بهڵام پێشمهرگه و ئێزیدییهكان بههیچ شێوهیهك ئاستهنگی بۆ درووست نهكردن و دهری نهكردوون بۆیه ئهم خانهوادانه له گوندهكانی خۆیان مانهوه و خهریكی كاری كشتوكاڵی خۆیان بوون تاكو بهرههمی كێلگه و باخهكانیان چنیهوه، ئینجا به ویستی خۆیان روویان له ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی داعش كرد له موسڵ و تهلعفەر و بهعاج.
سەبارەت بە بوونی زیندانی نهێنی و سەردانی رێکخراوەکان بۆ زیندانەکان و مامەڵە کردن لەگەڵ گیراوان زێباری وتی: لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە کردووە و لە دەرئەنجامدا دەرکەوتووە کە لە هەرێمی کوردستان هیچ زیندان و گرتووخانەیەکی نهێنی نییە و هەرکەسێک دەستگیر بکرێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ ئەوەی پەیوەندی بە تیرۆرەو هەیە یاسای تیرۆرمان هەیە کە لە پەرلەمان دەرچووە و رێگا نادرێ رەفتار و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا بکرێ، بەڵام دوای ئەوەی ماوەی یاساکە درێژ نەکراوەتەوە ئێستا کار بە ماددەی (١٥٩)ی یاسای سزادانی عێراقی دەکرێت
، هەروەها لە هەرێمی کوردستاندا رێگە لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناگیرێت بۆ سەردانکردنی بەندیخانەکان، بۆ نموونە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2015 یونامی ٥٣ سەردانی بۆ ناوەندەکانی گرتن ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٤٠٠ بەندکراودا ئەنجامداوە. هەرچی سەبارەت بەو کەسانەشە کە تەمەنیان ١٧ ساڵان یان لە ١٧ ساڵ کەمترە دەنێردرێنە ناو بەندیخانەی تایبەتەوە کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت و رێگا بە ریکخراوەکان دەدرێت چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدەن.
HAWLER-
