ئایا كۆمارییه‌كان و ترامپ كورد به ته‌نیا جێ ده‌هێڵن؟
دۆناڵد ترامپ، له 8ى مانگی رابردوودا وه‌كو سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژێردرا و بڕیاره له 20/1/2017 وه‌كو سه‌رۆكی نوێی ئه‌و وڵاته ده‌ستبه‌كار بێت، كه ئێستا سه‌رقاڵی پێكهێنانی ئیداره و كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌یه‌تی.
هه‌فته‌ی رابردوو مه‌همه‌ت ئۆغوتچو، دیپلۆماتكاری پێشوو و كاربه‌ده‌ستی باڵا له ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه رای گه‌یاند، تیمه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا، دۆستی كوردن.
مه‌همه‌ت ئۆغوتچو، له‌میانی گوتارێكیدا كه له ماڵپه‌ڕی (ئه‌لجه‌زیره)ى توركی بڵاو كراوه‌ته‌وه نووسیویه‌تی، ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكار و تیمه‌كه‌ی ترامپ هاوپه‌یمانی ئێجگار نزیكی كورده‌كانن.
ئه‌و دیپلۆماتكاره نموونه‌شی به جه‌نه‌راڵ (مایك فلین) هێناوه‌ته‌وه، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ببێته راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی. ئاماژه‌ی به‌وه داوه، ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵه كه‌سێكی نزیكی كوردستان و هاوشان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی كورده‌كان، ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی ئه‌نجام داوه.
هه‌روه‌ها باسی له هه‌ریه‌ك له (جۆن بۆڵتن) و (نوت گینگریچ) كردووه، كه ئه‌وانیش كه‌سانێكن هه‌ڵوێسته‌كانیان له به‌رژه‌وه‌ندیی كورده به ئاراسته‌ی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ.
هه‌روه‌ها باسیشی له سیناتۆری ویلایه‌تی ئالاباما (جێف سێژنس) له‌نێو تیمه‌كه‌ی تره‌مپ كردووه، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ببێته وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و كه‌سه‌ش له كۆتایی ساڵه‌كانی 1990دا داوای له وڵاته‌كه‌ی كردبوو، گره‌نتی بداته كورده‌كان.
هه‌روه‌ها یه‌كێك له باڵیۆزه‌كانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا كه (زاڵمای خه‌لیلزاده) و به‌گوێره‌ی نووسینه‌كه‌ی مه‌همه‌ت ئۆغوتچو، راوێژاكاریی بۆ مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه و له ئیداره‌كه‌ی تره‌مپدا پۆستێكی باڵای پێ ده‌درێت، یان ده‌بێته نوێنه‌ری تایبه‌تیی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی نوێی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، یان ده‌بێته جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه بۆ كاروباری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئه‌و دیپلۆماتكاره ئاشكراشی كردووه كه (مایك رۆجه‌رز) و (وه‌لید فارسی) به ڕه‌گه‌ز لوبنانی، كه له تیمه‌كه‌ی تره‌مپدان و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌ركی هه‌ستیاریان پێ بسپێردرێت، ئه‌وانیش كه‌سایه‌تیی نزیكن له گه‌لی كورد و دۆستی كوردن.
مه‌همه‌ت ئۆغوتچو له وتاره‌كه‌یدا ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كا، ئه‌گه‌ر بێتوو له سه‌رده‌می ئیداره‌ی تره‌مپدا كورد داوای سه‌ربه‌خۆیی یان هه‌ژموونێكی یه‌كسان له به‌غدا بكه‌ن، ئه‌وا له واشنتۆن ئیداره‌یه‌ك ده‌بێت كه به‌جدی گوێیان لێ ده‌گرێت و پشتیوانی‌یان ده‌كات و نووسیویه‌تی، ئه‌م بۆچوونه‌م به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵه نییه.
هاوكات رۆژی 3ی ئه‌م مانگه (مایك پێنس)، جێگری دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا له ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیی به مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووه و پشتیوانیی ئیداره‌ی نوێی ئه‌و وڵاته‌ی بۆ گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه دووپات كردووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا، جێگری سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی پێشتر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، پێزانینی بۆ خه‌باتی گه‌لی كوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمه‌رگه هه‌بووه و ستاییشی رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی كردووه له تێكشكاندنی تیرۆریستان. پێنس جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو و خۆی و وڵاته‌كه‌ی و ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتیی گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ن و له پشتیوانیكردنیان به‌رده‌وام ده‌بن.
لای خۆشیانه‌وه بارزانی، ئه‌وه‌ی خستووه‌ته ڕوو، كه گه‌لی كوردستان تووشی زوڵم و نه‌هامه‌تیی زۆر هاتووه و هیوای خواستووه ئه‌مه‌ریكا و ئیداره تازه‌كه‌ی، پشتیوانیی داوا ره‌واكانی گه‌لی كوردستان بن.
سه‌رسام شوانی، مامۆستای زانكۆ، ماسته‌ر له زانستی نێوده‌وڵه‌تی رای گه‌یاند، هه‌موو كات له سه‌رده‌می كۆمارییه‌كاندا كوردستان ده‌ستكه‌وتی باشتری هه‌بووه وه‌كو له سه‌رده‌می دیموكراته‌كان، گوتیشی: "سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن چه‌ندین وێستگه‌وه داده‌ڕێژرێت، نزیكیی هه‌ر وێستگه‌یه‌ك له كورده‌وه كاریگه‌ریی باشی بۆ كوردستان ده‌بێ".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی كۆنگرێس و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا و حكوومه‌ته‌كه‌ی و ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌كه‌یدایه، نزیكیی هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌مه‌ریكی له كوردستان، چ كۆنگرێسمان یان به‌رپرس، یان كه‌سانی هه‌واڵگری بن، ئه‌وا كاریگه‌ریی ئه‌و كه‌سانه به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رامبه‌ر به كوردستان باشتر ده‌بێ، گوتی: "پێشتر زۆرێك له به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی و راوێژكارانی ئه‌و وڵاته له كورده‌وه نزیك بوون و ئاراسته‌ی ئیداره‌ی ئۆبامایان بۆ پارێزگاریكردن له هه‌رێمی كوردستان و پێدانی چه‌ك و پاره به پێشمه‌رگه كردووه، پێشبینیش ده‌كرێ ئه‌وانه‌ی ترامپ دایانده‌مه‌زرێنێ و كۆنگرێسمانه‌كانی كۆمارییه‌كان و هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا و ده‌زگا سه‌ربازییه‌كانی، به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان بپارێزن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه كورد له‌سه‌رده‌می ترامپدا دۆخی باشتر بڕوات، له‌وه‌ی له سه‌رده‌می دیموكراته‌كاندا بۆی كراوه".
ئه‌و چاودێره راشی گه‌یاند، راسته ئه‌و وڵاته به‌ر له هه‌موو شتێك بیر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تیی كوردستانیش توانیویه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌جێندای ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌مه‌ریكییه‌دا له ناوچه‌كه بگونجێنێ، گوتی: "هه‌موو شتێك له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بینراوه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می بۆش و بۆشی كوڕ بۆ كوردستان كراوه دیاره، ئه‌وه‌شی له‌سه‌رده‌می كلنتۆن و ئۆباما كراوه دیاره، هه‌ردوولا به‌هۆی سیاسه‌تی سه‌ركردایه‌تیی كورده‌وه له‌به‌رامبه‌ر به مافه‌كانی گه‌لی كوردستان هه‌نگاویان ناوه، به‌ڵام روونه هه‌نگاوی كۆمارییه‌كان خێراتر بووه".
