تۆمەتبارێکی دیکە لە چوارچێوەی دۆسیەی کوشتنی دکتۆر وشیار ئیسماعیل دەستگیر دەکرێت

 تۆمەتبارێکی دیکە لە چوارچێوەی دۆسیەی کوشتنی دکتۆر وشیار ئیسماعیل دەستگیر دەکرێت
لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لە کوشتنی دکتۆر وشیار ئیسماعیل، مامۆستای ئایینی لە شاری هەولێردا هەیە، تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیر کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست کەوتووە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکانی تایبەت بە کوشتنی دکتۆر وشیار ئیسماعیل، مامۆستای ئایینی لە شاری هەولێر، کەسێکی دیکە دەستگیر کراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو کەسەی دەستگیر کراوە، پەیوەندیی خزمایەتی لەگەڵ بکوژی سەرەکیی دکتۆر وشیاردا هەیە.

ڕۆژی 27\11\2016، ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردبوو: ”دوای لێکۆلینەوە و بەدواداچوونی ورد و فراوان لەسەر ڕووداوی شەهید کردنی مامۆستا دکتۆر وشیار ئیسماعیل، تیمی لێکۆلینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیی چەندین سەرەداوی دەست کەوێت“. جەختیشی لەوە کردبووەوە کە تواندراوە بکوژی سەرەکی و هاوکارەکەی دەستگیر بکرێن و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

دکتۆر وشیار ئیسماعیل، ساڵی 1976 لە دایکبووە، ساڵی 1999 مۆڵەتی زانستی مەلایەتی وەرگرتووە، ساڵی 2003 کۆلێژی تەواو کردووە، ساڵی 2007ئ بڕوانامەی ماستەری لە بواری تەفسیر بە دەستھێناوە و لە لە ٢٠١٣ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری تەفسیر بە دەستھێناوە. 13 ساڵە وتاربێژی دەکات، خێزاندارە و خاوەنی کوڕێک و چوار کچە، شەوی 22 لەسەر 23\11\2016، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی بەھاری شاری ھەولێر، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێ کرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. دواتریش سەرجەم دامەزراوەکان لەسەری هاتنە دەنگ و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کرد کە تیرۆرکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە، لە دژی هەموو لایەک و بە تایبەتی لە دژی خودی سەرۆکی هەرێم ئەنجام دراوە.
















باسنیوز
Top