ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: مامەڵە لەگەڵ هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ مالیکیدا ناکەین
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان،ڕایگەیاند: “هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەزانن مالیکی هۆکاری تێکچوونی دۆخی سەرتاسەری عێراقە، کێشەی سیاسی و ئابووری لەئەستۆی ئەو دایە، پیاوێکە نەیتوانیوە دەوڵەتداری بکات، بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان مالیکی هۆکاری کەوتنی مووسڵ بووە، هاتنی داعش و داگیرکردنی لە ئەستۆی مالیکی بووە، جێگای متمانە نییە، هەر کەسێک متمانەی پێ بکات، تووشی هەڵە دەبێت”. ئەوەشی وەبیر هێنایەوە: “مالیکی قووتی خەڵکی کوردستانی بڕیوە، چەندین جار هەڕەشەی لە کوردستان کردووە، بە هێنانەوە هێزی دیجلە بۆ سنووری کەرکووک و خانەقین، هەڕەشەی لە هەولێر کردووە، کاتی خۆی دەیگوت ئەگەر (ئێف ١٦) بگاتە دەستمان، کوردستان وەک ئەوەی ئێستا نابێت”.
ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی نیگەرانیی خۆی لە لێدوانەکەیدا نەشاردەوە و گوتی: “نیگەرانین، چونکە دانوستاندن لەگەڵ ئەو پیاوە لەسەر مەودای حزبی باش نابێت، دەبێتە زەرەر لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنانەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، دەچنە ژێر پرسیارەوە، چونکە ناکرێت ئەو پیاوە ئاوا مامەڵە لەگەڵ کوردستاندا بکات، بۆیە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ مالیکی کە گۆڕان و یەکێتی بیکەن، نەرێنی دەبێت”.
لە کۆتاییشدا عارف ڕوشدی جەختی لەوە کردەوە: “مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ڕێککەوتنەکانی مالیکیدا ناکرێت، ئەو جێگری سەرۆک کۆمارە، بەشێک نییە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پلانی مالیکی لەدژی عەبادی هەیە، دەیانەوێت کێشەی بۆ دروست بکەن".
باسنیوز
