یەکێتی ئامادە نییە بە کۆمیتەی هاوبەش پێشوازی لە پارتی بکات

 یەکێتی ئامادە نییە بە کۆمیتەی هاوبەش پێشوازی لە پارتی بکات
لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی، یەکێتی ئامادە نەبووە بە سەرکردایەتیی هاوبەش لەگەڵ پارتی کۆببێتەوە، هەڵسووڕاوێکی گۆڕانیش دەڵێت: "لە دوا کۆبوونەوە بڕیار لەمبارەوە دراوە".

سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممە 5\12\2016ی گۆڕان و یەکێتیدا بڕیار درا بەسەرکردایەتیی هاوبەش پێشوازی لە شاندی پارتی نەکرێت”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: "یەکێتی لە ناوخۆی خۆیدا ڕێککەوتووە کە بە سەرکردایەتییەکی هاوبەش پێشوازی لە پارتی بکات و بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێریی یەکێتی، پیشوازی لە شاندەکەی پارتی دەکەن".

هەر لەمبارەیەوە بەهار مەحموود، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەی دوێنێی گۆڕان و یەکێتیدا، وەک سەرکردایەتیی هاوبەش، بڕیار دراوە، بەڵام نازانین بڕیارەکان چی بوون”. ڕوونیشی کردەوە: “وەک بزووتنەوەی گۆڕان، تائێستا هیچ کەسێک دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندەکەی پارتی کۆببنەوە، بەڵام بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، گرفت نابێت". گوتیشی: ”گۆڕان پڕۆژەیەکی هەیە، پڕۆژەکە لەگەڵ پارتی تاوتوێ دەکرێت، ڕەنگە ڕادەستی پارتی بکرێت".











باسنیوز
Top