تاریق گەردی: گەرەنتی نییە عێڕاق بە ھەر ڕێککەوتنێکەوە پابەند بێ
(تاریق گەردی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرانی کوردستانی ڕاگەیاند: "بابەتی مووچەی فەرمانبەر و مامۆستایان و ھەموو مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ئەگەر حکوومەتی ناوەند پابەند بێ بە ناردنی پشکەکانی ھەرێمی کوردستان کە سەدا١٧ـی سەرجەم داھاتی عێڕاقە، بەرانبەر بە ڕادەستکردنی ٥٥۰ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە کارێکی باشە، بەڵام ئایا تا چەند حکوومەتی ناوەندی پابەندی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت و ڕاستگۆیە لەم بابەتەدا، بۆیە ئێمە ھەوڵمان دا گەرەنتییەک دروست بکەین، تا دڵنیا بین لەوەی کە کارەکە بە باشی دەڕوات، خۆ ئەگەر بە باشییش کارەکە جێبەجێ نەبوو و کام لایەن هۆکار بوو، دەبێ دڵنیا بین دادگای ناوەندی بابەتەکەمان بۆ یەکلایی دەکاتەوە."
وەک ئەم نوێنەرەی کورد لە بەغدا دەڵێ، ئەوەی ئەوانی دڵگران کردووە، بابەتی مووچەی پێشمەرگە بوو، دەپرسێ، "باشە بۆ (حەشدیشەعبی) ۱۲۲ ھەزار چەکدار زیاتریان داناوە و نزیکەی ۲ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان دەکرێ، بە واتای سەدا ۲ـی مووچەی داھاتی ھەموو عێڕاق بۆ حەشدیشەعبییە، بۆڵام بۆ نوێنەرانی کورد لە بەغدا کە خۆیان بە خاوەنی پڕۆژە دەزانن پێیان زۆر بوو ۱۰۰ھەزار پێشمەرگە دابنێن؟!، خۆ پێشمەرگە کە بە دێژاییی زیاتر لە ۱۰۰۰ کیلۆمەتر بەرگری لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، خۆ پێشمەرگە بەشێکە لە ئاسایشی بەرگریی عێراق، ئەمە بەپێی دەستووری عێڕاق، بەڵام حەشدیشەعبی تا ئێستا یاسایەکی تەواوەتی بۆ ڕێک نەخراوە و، هەر نزیکەی مانگێک نابێت یاسای بۆ دەرچووە!. ئومێد دەکەین ئەو بەڵێنانەی عێڕاق گرتوویهتییە ئەستۆی خۆی بەگوێرەی بودجە دەستپێشخەری بکات لە جێبەجێکردنی، باشترین دەستپێشخەریش ئەوەیە سولفەیەکی یەک دوومانگی بنێرێت بۆ ھەرێمی کوردستان."
(گەردی) هەروەها جەخت دەکاتەوە: "ئەم پڕۆژەیەی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ دەڵێن ھیی ئێمەیە، ڕاستییەکەی ھیچ وا نییە، بەڵکو ئەمە ڕێککەوتنی ساڵی۲۰١٥ـی ھەرێمی کوردستان و عێراقە، بۆیە ھیچ پڕۆژەیەک لە ئارادا نییە و دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕێککەوتنە کۆنەکەی ساڵی ۲۰۱٥ـی نێوان ھەولێر و بەغدایە، بەڵام ئەم دوو سێ لایەنە سیاسییە لە ڕاگەیاندنەکان کردوویانە بە پڕۆژەی خۆیان كه ڕاست نییە.
باسنيوز
