بەرپرسێکی پارتی: گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ ئامادەن کەرکووک ڕادەستی مالیکی بکەن و “بە پاڵپشتیی ئەو دوو لایەنە پارەیەکی زۆر بۆ حەشدی شەعبی بڕدراوەتەوە”

بەرپرسێکی پارتی: گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ ئامادەن کەرکووک ڕادەستی مالیکی بکەن و “بە پاڵپشتیی ئەو دوو لایەنە پارەیەکی زۆر بۆ حەشدی شەعبی بڕدراوەتەوە”
بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەپاڵپشتیی یەکێتی و گۆڕان، پارەیەکی زۆر بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی بڕاوەتەوە و دەڵێت: "ئەوان ئامادەن کەرکووک و کوردستان ڕادەستی مالیکی بکەن".



ئەمڕۆ سێشەممە 6\12\2016، محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: بەداخەوە گرووپێک لە پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ، هەوڵیان دا کە پارەیەکی یەکجار زۆر بۆ حەشدی شەعبی ببڕنەوە لە بودجەی گشتیی عێراق لە رێگای پڕۆژە یاسایی بودجەوە، بۆ پێشمەرگەش هیچ”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: “هەوڵێکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی نەوتی کەرکووک ڕەوانەی بەغدا بکەن و شارەکە بێبەش بکەن، بۆ ئەوەی کەرکووک لە هەرێمی کوردستان دابڕنەوە".



بە وتەی محەمەد کەمال: هەوڵەکانی یەکێتی و گۆڕان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ مالیکی، چڕکراوەتەوە و ئەوان مالیکییان لە کوردستان پێ باشترە و ئامادەن کەرکووک و کوردستانی ڕادەست بکەن.



ئەم قسانەی بەرپرسەکەی پارتی لە کاتێکدایە کە هەیسەم جبووری، پەرلەمانتاری عەرەبی عێراق ڕای گەیاندووە، هاوپەیمانیی نیشتمانی (شیعەکان) لەگەڵ یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ لە دژی بارزانی ڕێککەوتوون.



باسنيوز
Top