پەرلەمانتارێکی عەرەب: لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ لە دژی بارزانی ڕێکكەوتووین

پەرلەمانتارێکی عەرەب: لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ لە دژی بارزانی ڕێکكەوتووین
هەیسەم جبووری، ئەندامی بەرەی چاکسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد: “لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە دژی بارزانی” ڕێککەوتوون.



ناوەندی نیشتمانیی هەواڵ (ئێن ئێن سی) لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی هەیسەم جبووری، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ڕای گەیاندووە: “مامەڵەكردنی ڕاستەوخۆی پارێزگاكانی ناو هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی ئیتیحادی نادەستوورەییە، بۆیە ناكرێت بودجەی تایبەت بۆ هەر پارێزگایەك لەو پارێزگایانەی هەرێمی کوردستان بە جیا دابین بكەین، بەڵام ئێمە گەیشتینە ڕێگەچارەیەكی تەوافوقیی نێوان هاوپەیمانیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی، بە سیفەتی ئەوەی ئەوان خاوەن ئەم پێشنیارەن، بەوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی ئیتیحادی بكەن”.



ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: “بەپێی ڕێككەوتنەكە، پێویستە هەرێمی کوردستان 300 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركووك و 250 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بكات كە مووچەی فەرمانبەران بەر لە خەرجییەكانی دیكەی هەرێمی کوردستان خەرج بكات”.



جبووری دووپاتی کردووەتەوە کە هاوپەیمانیی نیشتمانی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، “جەخت دەكەنەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت پابەند بێت بەو ڕێككەوتنە، بەڵام لایەنە سیاسییە كوردییەكان جگە لە پارتی دیموكراتیی كوردستان كە فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستان دەكات، هەوڵ دەدەن لە بەردەم جەماوەری كوردستاندا ئاشكرا بێت كە هۆكاری كێشەكە هەرێمە نەك حكوومەتی ئیتیحادی، بۆ ئەوەی پارتە كوردستانییەكان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، سكاڵای یاسایی لە دادگای ئیتیحادی دژ بە حكوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار بكەن.



ئەم قسانەی جبووری لە کاتێکدا دێت کە لە ژمارەی (313)ی ئەمڕۆ سێشەممە 6\12\2016ی هەفتەنامەی (باس)دا ئەوە ئاشکرا کراوە کە باڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق کە بە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان ناسراوە، ڕێککەوتوون.






باسنيوز
Top