پەرلەمانتارێك: لەبارەی بودجەی پێشمەرگە خۆڵ كرایە چاوی كورد
لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا دەڵێت "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نیازی هەبێت و ئەو نەوتە رادەست بکات، زیاتر لە 100 هەزار پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی رووداو، سەبارەت بە ناکۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، لەسەر پرۆژەبودجەی گشتی 2017، رایگەیاند "ئێمە پێشنیاری جێگیرکردنی 100 هەزار پێشمەرگەمان لە بودجەی سیادی کرد، واتە لە دەرەوەی 17%ـی بودجە، هەموو ئامانجەکەمان ئەوەبوو، ئەو مووچەیەی بە پێشمەرگە دەدرێت بۆ حکومەت بگەڕێتەوە، حکومەتیش دەیتوانی لە مووچەی دیکە خەرجی بکاتەوە".
شاخەوان عەبدوڵڵا، دەپرسێت "بۆچی یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ لەسەر جێگیرنەکردنی ئەو پێشنیازە لەگەڵ ئێمە پاشەکشەیان نەکرد، لە کاتێکدا ئێمە رێککەوتبووین مووچەی 100 هەزار پێشمەرگە جێگیر بکەین و، ئەگەر نەکرا بکشێینەوە، بەڵام ئەوان نەکشانەوە".
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەو خەڵکەی دەڵێت بودجەمان بۆ پێشمەرگە دابینکردووە، دەبێت مانگی یەک، پێشمەرگە روو لە بارەگاکانی ئەوان بکات و بڵێت کوا مووچەی من؟ کاتێک ئەندام پەرلەمانێک دێت و دەڵێت: پارتی لەگەڵ مووچەی پێشمەرگەدا نەبووە. ئەو ئەندام پەرلەمانە خۆم داوام لێکردووە، کە سرووە خانە و ئەندامی پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕانە پێمگوتووە واژۆ بۆ پێشمەرگە بکە، بەڵام ئامادە نەبووە بیکات، نەک هەر من کاک وشیار، ئەندامی فراکسیۆنەکەی خۆیانە و پێی گوت بۆ پێشمەرگە واژۆی بکە، کەچی واژۆی نەکرد، خەڵکێک کە بۆ پێشمەرگە واژۆ نەکات و بە پێشمەرگە بڵێت: ملیشیا، بڕواناکەم ئەمڕۆ بێت و لەگەڵ من لە یەک سەنگەردا بووەستێت و بودجە بۆ پێشمەرگە دابین بکات".
شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی ئەو شتانەی بۆ پێشمەرگە جێگیرکراون لە پرۆژەی بودجە، دەڵێ "ئەوەی ئێستا لە پرۆژەی بودجە جێگیر کراوە، هیچ
شەقامی شیعە دژی پێشمەرگەیە
قازانجێک بە پێشمەرگە ناگەیێنێت، شیعەکان لە وەڵامی ئێمە بۆ ئەو پرۆژەیە، ئەندامێکی لێژنەی دارایی، کە هەموو سەرۆک فراکسیۆنەکان دانیشتبوون بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە، کاتێک گوتم با لە بودجەی 2017 دا 100 هەزار بۆ پێشمەرگە دابین بکەین، گوتی کاک شاخەوان دەزانم پێشمەرگە مافی خۆیەتی، هەرچی بڵێ هەر مافیەتی، بەڵام شەقامی من قبووڵی ناکات مووچە بۆ پێشمەرگە دابین بکەم، واتە شەقامی شیعی دژی پێشمەرگەیە".
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاماژە بەوەش دەدات، ئەوەی لە پرۆژەی بودجە بۆ پێشمەرگە دانراوە، لە وەزارەتی بەرگری شتێک بەناوی هێزە وشکانییەکان نییە، بەڵکو خۆڵیان کردووە بە ناو چاوی کورددا.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەو شەوی 4-12-2016 لەگەڵ ئەمینداری گشتی قسەی کردووە "لەو کاتەی سەرۆکی هەموو فراکسیۆنەکان دانیشتبوون دەنگی مۆبایلەکەم کردەوە، گوتم ئەوە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئەوەش ئەمینداری وەزارەتی بەرگرییە، دەڵێت: بەو شێوەیەی ئێوە نووسیوتانە یەک فلس لە ئێمە وەرناگرن، چونکە بەشە بودجەکەتان دانەناوە، کە دەڵێن لە چوارچێوەی هێزی وشکانی، ئێمە هێزی وشکانیمان نییە".
لە بەرامبەردا بەختیار شاوەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، کە بەشداربوویەکی دیکەی بەرنامەکەبوو، لەسەر هەمان پرس رایگەیاند "بەشێوەیەک لە شێوەکان ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر ئەو ململانێیانە هەبووە، کە لە بەغدا هەیە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ئەو ململانێیانە بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی و نیشتمانییەکان و چارەنووسسازەکانی خەڵکی کوردستان پەل بکێشێت، بەتایبەتی لە بەغدا".
بەختیار شاوەیس گوتیشی"ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نیازی هەبێت و ئەو نەوتە رادەست بکات و شەڕێکی ناوخۆیی لەسەر نەوتی کەرکووک دروست نەکات، بەپێی ئەو بودجەیەی کە دەنگی لەسەر دراوە، هیوادەخوازین رۆژی چوارشەممە دەنگ بهێنێت و، زیاتر لە 100 هەزار پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت".
رووداو
