بەڕێوەبەرایەتی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی داوا دەکات دەوامی فەرمی دەست پێبکاتەوە

  بەڕێوەبەرایەتی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی داوا دەکات دەوامی فەرمی دەست پێبکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، گشتاندن بۆ فەرمانەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە لە چواری مانگ بەمەبەستی دەستپێکردنی دەوام لە قوتابخانەکان داوییەتی و وێنەیەک لە فەرمانەکەش بۆ پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکە دەنێرێت بۆ ئەو مەبەستەی کاری پێبکرێت.



سەرەتای ئەم مانگە پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکدا کە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیانی کردووە و داوای لێکردوون دەوامی فەرمی دەست پێبکەنەوە و ئەگەر ئامادەی دەوام نەبن ئەوا بە گوێرەی رێنمایی و یاساکان وەزارەتی پەروەردە ناچارە رێوشوێنی پێویست وەربگرێت.


بە گوێرەی فەرمانەکەی وەزیری پەروەردە پاش دوو مانگ خوێندنی فەرمی قوتابخانەکان لە سنووری سلێمانی و بێبەشبوونی زیاتر لە ٧٥٠ هەزار قوتابی و خوێندکار لە پرۆسەی خوێندن کە قەرەبووکردنەوەی ئەستەمە بە تایبەت تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی کە دەبوو بۆ رزگارکردنی پڕۆسە چەقبەستووەکە لە رێکەوتی ١/١٢/٢٠١٦ دەوامی خوێندن دەستی پێکردبایەوە.


هاوکات وەزارەتی پەروەردە پشتگیری داخوازی و مافە رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کردووە و پێداگری لەوەش دەکات کە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ باشترکردنی گوزەرانیان و ئێستاش دەکرێت ئەو داخوازییانە بەردەوام بن و قوتابی و خوێندکارانیش لە خوێندن بێبەش نەبن و دەوامی قوتابخانەکان بە فەرمی دەست پێبکاتەوە.


لە بەشێکی تری نووسراوەکەدا هاتووە "بەرپرسیارییەتی یاسایی و ئەخلاقی ناچارمان دەکات ئامادەنەبوونی مامۆستایان تۆمار بکرێت و هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک پابەندی دەوام نەبێت رێکاری یاسایی و کارگێڕی لە بەرامبەردا بگیرێتە بەر."


جێگەی باسە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گشتاندنی بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی کردووە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوورەکەی کردووە. جێگەی باسە گشتاندنەکەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی چواری مانگ بە واژۆی دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بڵاو بووتەوە.


ماوەی دوومانگە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بایکۆتی خوێندن کراوە و مامۆستایان داوایان کردووە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت ناچنە نیو هۆڵەکانی خوێندنەوە. ماوەی رابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەنگەوە هاتنی مامۆستایان بڕیاری دا ١٥٠ هەزار دینار بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار و ١٠٠ هەزار دیناریش بۆ مامۆستایانی ناوەوەی شار خەرج بکات.


پێویستە بگوترێت ئەگەر دەوام زیاتر دوابخرێت ئەوا پڕۆسەی خوێندن لەو سنوورە دەکەوێتە مەترسی و لەوانەیە بە بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمساڵی خوێندن لەو سنوورە هەژمار نەکرێت.
HAWLER-
Top