پارێزگاری كهركووك: وەک ئیدارەی کەرکووک لەگەڵ حکوومەتی هەرێم نهوتی كهركووك لهڕێگهی كوردستانهوه ڕهوانه دهكرێت
پارێزگاری کەرکووک لەبارەی نەوتی پارێزگاکە رایگەیاند: ئێمە وەکو ئیدارەی کەرکووک لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتووینەتە رێککەوتن و، نەوتی کەرکووک لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەدەکرێت.
لە میانی بەشداریکردن لە شەشەمین کۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە لە لەندەن بەڕێوەدەچێت نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی "دەمەوێت بەوردی لەبارەی نەوتی کەرکووک و سامانە سرووشتییەکانی ئەو شارە قسەبکەم".
پارێزگاری کەرکووک هەروەها گوتی "قسەکردن لەسەر کەرتی نەوت و وزە زۆر گرنگە، لەماوەی ساڵی رابردوو لەڕووی وزەوە گۆڕانکاری زۆر لە کەرکووک روویداوە، کە پێشبیندەکرێت زیاتر لە 10 ملیار بەرمیل نەوتی هەبێت".
نەجمەددین کەریم، پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمی نەوتی کەرکووک بەشێوەیەکی گشتی لە ساڵی هەشتاکاندا گەیشتە بەرزترین ئاستی وەبەرهێنان و، حکومەتی ئەوکاتەی عێراق سوودی زۆری لەو نەوتە بینیوە، بۆیە رەوایە کەرکووک بەهۆی ئەو نەوتەی کە هەیەتی گرنگی زیاتری پێبدرێت.
لەبارەی ئاسایش و سەقامگیری کەرکووکیش، نەجمەددین کەریم هەروەها گوتی "لە ماوەی رابروودا چەند رووداوێک لە کەرکووک روویاندا، بەڵام ئێستا دۆخی ئەمنی کەرکووک ئاسایی بووەتەوە و باشتر بووە، هەروەها کەرکووک هەمیشە سەنتەرێکی باشی بەرهەمهێنانی نەوت بووە و لەماوەی چەند مانگی رابردوودا نەوتی کەرکووک هیچ گرفتێکی نەبووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووک رەوانەی دەرەوە دەکات".
بەهۆی شەڕی داعش و مەترسییەکانی گرووپە تووندڕەوەکان، ژمارەیەک بیری کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کەوتنە ژێر هەڕەشە، پارێزگاری کەرکووک هەروەها دەڵێ "بێگومان هێرشەکانی داعش کاریگەرییان هەبوو لەسەر وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوون بۆ دەستپێکردنەوە و هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک".
لەبارەی پێکهاتەکانی شارەکەش، پارێزگاری کەرکووک گوتی "کەرکووک شارێکی گرنگە و چەندین پێکهاتە و ئایینی تێدایە کە بەیەکەوە دەژین، هەروەها ناوچەیەکە کە لەڕووی سامانە سرووشتییەکانەوە زۆر دەوڵەمەندە و دەبێت بایەخی زیاتری پێبدرێت".
لەبارەی هێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆ سەر شارەکە، نەجمەددین کەریم گوتیشی "نزیکەی دوومانگ لەمەوبەر، زیاتر لە 100 چەکداری داعش
هێرشیان کردە سەر شاری کەرکووک و ئەوان هاتبوون بۆ ئەوەی شارەکە کۆنترۆڵبکەن، بەڵام پێشمەرگە و خەڵكی دڵسۆزی کەرکووک بەرەنگاریان بوونەوە و لەناویان بردن، ئەوەش پێماندەڵێت کە کەرکووک لە ژێر هەڕەشەدایە و دەبێت باشتر بیپارێزین".
سەبارەت بە پارەی پترۆ دۆلاری کەرکووکیش، پارێزگاری شارەکە دەشڵێ "کەرکووک و بەسرە دوو شاری گرنگن کە نەوتێکی زۆریان هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادەنییە پارەی پترۆ دۆلاریان بۆ رەوانە بکات".
پارێزگاری کەرکووک لە کۆتایی گوتەکانیدا لە کۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیاوە گوتی "ئێمە وەک ئیدارەی کەرکووک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشووینەتە رێککەوتن و نەوتی کەرکووک لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەدەکرێت، مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 10 ملیۆن دۆلارمان وەک پارەی پترۆ دۆلار بۆ رەوانە دەکات، ئێمەش لە خزمەتگوزاری و پێویستییەکانی کەرکووک خەرجی دەکەین و ئەو پارەیەش زۆر زیاترە لەوەی کە پێشووتر حکومەتی عێراق پێیدەداین".
HAWLER-
