پارەی خوێندنەكەی دایە خۆشەویستەكەی، ئەویش هەڵیخەڵەتاند

پارەی خوێندنەكەی دایە خۆشەویستەكەی، ئەویش هەڵیخەڵەتاند

ئەو پارەیەی بۆ كرێی خوێندنی ئەمساڵی لە ماڵەوەی وەرگرتبوو، لە دەستی خۆشەویستەكەی كرد، بەڵام خۆشەویستەكەی نەك بەو كارەی سروەی نەزانی، بەڵكو دوای وەرگرتنی پارەكە لێی دووركەوتەوە.

سروە نێوی خوازراوی كچێكی سەرووی 18 ساڵە كە دانیشتووی ناوچەی گەرمیانە و خوێندكاری پەیمانگەیەكی ئەهلییە.

كەسوكارەكەی نزیكەی ملیۆنێك دیناری كرێی خوێندنیان داوەتێ، بەڵام لەبەرئەوەی كەپڵەكەی داوای هاوكاریی لێكردووە، ئەو پارەیەی بۆ كرێی خوێندنەكەی وەریگرتبوو، دەیكاتە دەستییەوە، بەوجۆرە پارەكەش و خۆشەویستەكەشی لەدەست چوو.

عەقید لەمیعە محەممەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان بە (رووداو)ی راگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا ئەو كچە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەو كێشەیە ئاگاداری كردووەتەوە. عەقید لەمیعە گوتی "ئەو كچە نزیكەی سێ مانگە بەهۆی فەیسبووكەوە كوڕێكی ناسیوە. دووجاریش یەكدییان بینیوە، پەیوەندییان هەبووە، كوڕەكە بەڵێنی پێداوە بیخوازێ، ئەویش متمانەی پێكردووە".

بە قسەی لەمیعە، كوڕەكە ماوەیەك لەمەوبەر داوای پارەی لە كچەكە كردووە، ئەویش ئەو پارەیەی كە ماڵی باوكی بۆ خوێندنەكەی دایاننابوو، لەبەرئەوەی متمانەی بە خۆشەویستەكەی هەبووە، هەمووی داوەتێ، بەڵام دواتر كوڕەكە هیچ پەیوەندییەكی بە كچەكەوە نەكردووەتەوە و تەلەفۆنیشی داخراوە.

لەمیعە گوتی "كچەكە ئێستا دەوام دەكات، بەڵام دیارە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پەیمانگە بە گشتی لەسەر خوێندكارەكان وەستاون و گوشاری زۆریان لەسەر دروست نەكردووە، بەڵام كچەكە ئەو حاڵەتەی بە مامۆستاكانی نەگوتووە و چاوەڕێیە كوڕەكە بدۆزێتەوە".

ئەو كچە نایەوێت سكاڵا لەسەر كوڕەكە تۆمار بكات، بۆ ئەوەی كەسوكاری نەزانن و رێی دادگای نەكەوێتەبەر، بەڵام وا دیارە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان پلانیان بۆ چارەسەری كێشەكە داناوە. عەقید لەمیعە گوتی "كچەكە نایەوێت بە تۆماركردنی سكاڵا دۆسیەكەی بڕواتە دادگا و لەوەشەوە ماڵی باوكی بزانن، نەوەك توندوتیژیی بەرامبەر بەكاربێنن، ئێمەش لە هەوڵی كۆكردنەوەی زانیاریداین لەسەر كوڕەكە بۆ ئەوەی هەرچۆنێك بێت ئەو پارەیە بۆ كچەكە بهێنینەوە".

زۆرجار كچان كە رووبەڕووی كێشەیەكی لەو شێوەیە دەبنەوە، پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن، بەڵام وەكو بەرپرسەكەی ژنان گوتی "جێی دڵخۆشییە ئەو كچە بیر لە خۆكوشتن ناكاتەوە، بەڵام ئەوەندەی بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ كردووە، لەڕووی دەروونییەوە لە دۆخێكی ئاڵۆزدایە، ئێمەش بەردەوام دڵنەوایی دەكەین".

ئەڤین محەممەد، توێژەری كۆمەڵایەتی، هۆكاری خەڵەتاندنی ئەو كچە بۆ خودی كچەكە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "كچەكە لەڕووی سۆزەوە بۆشایی هەبووە، ویستوویەتی ئەو كوڕە بناسێت و پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵدا دروست بكات، تا لەو رێگەیەوە دەردە دڵی خۆی بۆ بكات".

ئەڤین گوتی كە بە گشتی ئافرەت لایەنی سۆز بەسەریدا زاڵە، بەتایبەتی ئەو كچە متمانەی بەخۆشەویستەكەی هەبووە، ئامادە بووە ئەو بڕە پارەیەی خوێندنەكەشی پێبدات بۆ ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ بە خۆشەویستەكەی بڵێت هاوكار و پشت و پەنایەتی. هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە خۆشەویستەكەی بەڵێنی هاوسەرگیریی پێداوە و رەنگە كچەكە وا بیری كردبێتەوە كە خۆشەویستەكەی ئەو پارەیەی بۆ مەبەستی هاوسەرگیرییان پێویست بێت.

ویستی بە فۆتۆشۆپ بیگرێ‌

لە هاوینی ئەمساڵدا، كچە خوێندكارێكی تەمەن 21 ساڵی دانیشتووی گەرمیان، لەگەڵ كاسبكارێكی هەمان ناوچە، لەڕێگەی فەیسبووكەوە یەكدییان ناسیبوو، گەنجەكە داوای وێنەی لە كچەكە كردبوو، ئەویش بۆی ناردبوو، گەنجەكە بە فۆتۆشۆپ دەستكاریی كردبوو، پاشان هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی لێكردبوو ئەگەر زیاتر لە هەزار دۆلار و ئاڵتوونی پێنەدات، بەڵام كچەكە سكاڵای لەسەری تۆمار كرد و گەنجەكە بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی دەستگیر كرا.
RUDAW-
Top