وەزارەتى خوێندنى باڵا پشت به‌ داهاتی خۆی ده‌به‌ستێت و پێشینەى مانگانە لە وەزارەتى دارایى وەرناگرێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا پشت به‌ داهاتی خۆی ده‌به‌ستێت و پێشینەى مانگانە لە وەزارەتى دارایى وەرناگرێت
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس نێردراوه‌، ئاشكرای كردوه‌، لە چوارچێوەى هەنگاوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتى سەربەخۆى دارایى، یەکەمین هەنگاوى بەو ئاڕاستە نا و، چى دیکە پێشینە (نسریە)ى مانگانە لە وەزارەتى دارایى و ئابورى وەرناگرێت.

لەمبارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەنگاوەکانى سەربەخۆى دارایى زانکۆکانى لە ڕێگەى جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەکەوە دەستپێکرد.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتیشی، لە رێکەوتى (٢٩/١١/٢٠١٦) ، بەنوسراوى فه‌رمی ئاراسته‌ی سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران كراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، لەمەودوا چیتر دیوانى وەزارەت پێشینەی مانگانە وەرناگرێت، بەڵکو بۆ ڕاییکردنى کاروبارى مانگانەى دیوانى وەزارەت پشت بەداهاتى خۆى دەبەستێت.

عەباس ئەکرەم ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه‌ لەسەر ئاستى زانکۆکانیش هەنگاوى گەورە نراوە بەتایبەت دواى پەسندکردنى پڕۆژەى هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان، کە بە بڕیارى ژمارە (٨٦) لە ڕێکەوتى (٢/٥/٢٠١٦) لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەرکرا، دەسکەوتى گەورەى بۆ زانکۆکان بەدواى خویدا هێناوە، چونکە زانکۆکان لە ڕوى داراییەوە پشت بەخۆیان دەبەستن و بۆ هەر جۆرە خەرجیەک بەتایبەت شایستە داراییەکانى مامۆستایان و مامۆستایانى وانەبێژ و هەر خەرجیەکى دیکە ناگەڕێنەوە بۆ وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەلایەن زانکۆکانەوە خەرج دەکرێ، بێگومان ئەوەش پاڵپشتیەکەى گەورە دەبێ بۆ درێژەدان بەپرۆسەى خویندن و خەرجکردنى شایستە داراییەکانى مامۆستایان لەکاتى خۆیدا.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە هەنگاو و کارەکانى وەزارەت بەردەوام دەبێ بۆ سەربەخۆى زیاترى زانکۆ و دەزگاو دامەزراوەکانى وەزارەت
payamner -
Top